بەپەلە ... سوپای پاسداران بنکە وبارەگاکانی حزبی دیموکرات بە چڕی بوردوومان دەکەن
تۆپخانەکانی سوپای پاسداران لە نیوەڕۆوی ڕۆژی پێنجشەممەوە هەتا ئێستا لانیکەم ١٤ جار بنکە و بارەگاکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانیان لە کوێستانەکانی هەڵگورد و بەربەزین تۆپباران کردووە.
بەپێی هەواڵ و زانیارییەکان ، ئەو تۆپبارانانە لە کاتژمێر یەکی دوانیمەڕۆی ڕۆژی پێنج شەممەوە دەستی پێکردووە تاکوو دوێنێ شەوی هەینیش هەربەردەوام بووە.
لەلایەکی دیکەوە، فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ئاشکرای کردەوە، دوێنێ هەینی ڕێکەوتی ٧ی سێپتەمبەری ٢٠١٨ ، کاتژمێر ٤ی سەرلەبەیانی سوپای پاسداران بۆ جارێکی دیکە بە تۆپ و ، کاتێۆشا و خومپاره ناوچە شاخاوییەکانی ڕۆژهەڵات و باشووریان بە توندی کردووەتە ئامانج.
هەر بەپێی ئەو ڕاپۆرتە تۆپخانەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە تۆپبارانکردنی بنکە و بارەگاکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەردەوامن.
فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان باسی لەوەش کردووە: "لە ئەنجامی ئەو تۆپبارانانەدا زەرە و زیانێکی زۆر بەر مەزرا و مووچەی ناوچەی سیدەکان و چۆمان کەوتووە".
زۆر بەی ئەو تۆپبارانانە لە تۆپخانەی سەرگردانی پیرانشار کە لە دوو کیلۆ مەتری ئەو شارە و لە نزیک گوندی تەمەرچیان هەڵکەتووە، ئەنجام دەدرێت.