بەندکراوێکی کورد لە ڕەجایی شاری کەرەج هەڕەشەی دەستدرێژی لێ دەکرێت
بەندکراویکی کورد کە لەبەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج بەندکراوە، لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانەوە دراوەتە بەر لێدان و کوتان و هەڕەشەی دەستدرێژی لێ کراوە.
بەپێی هەواڵ و زانیارییەکان ، ڕۆژی سێشەممە " ١٨ سێپتامبری ٢٠١٨ " ، بەندکراوێکی تەمەن ٢١ ساڵی خەڵکی پیرانشار بە ناوی ”“یاسین عەزیزخانی“ کە لە بەندی ٦ی هۆڵی ١٨ی بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج ڕاگیراوە، دوای ئەوەی داواکاری بەرپرسانی پاراستنی زانیاریی بەندیخانەکەی بەمەبەستی سیخوڕی لە سەر بەندکراوانی دیکە ڕەد کردووەتەوە، لەلایەن یەکێک لە هێزە ئەمنییەکانی بەندیخانە بەناوی ”زارعی“ دراوەتە بەر لێدان و کوتان.
بە ووتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ناو بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج، بەرپرسانی پاراستنی زانیاری بەندیخانە هەڕەشەیان لەو بەندکراوە کوردە کردووە کە ئەگەر مل بە داواکارییەکانیان نەدات ئەوا دەستدرێژی دەکەنە سەری
یاسین عەزیز خانی بە تۆمەتی قاچاخی مەشرووب دەستبەسەر و ماوەی دوو ساڵ و هەشت مانگە کە لەبەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج ڕاگیراوە