TR KU SO
FB X
Kurdistan

بەندکراوێکی سیاسی کورد لە ژێر ئەشکەنجەدا کوژرا

Navas Jan
Admin
📅 13 Eylül 2021 18:46

پەیامی کورد … بەندکراوێکی سیاسی کورد لە ژێر ئەشکەنجەدا کوژرا

هاووڵاتییەکی خەڵکی پیرانشار کە نزیکەی دوو مانگ پێش لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو، لە ژێر ئەشکەنجەدا کوژرا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، یاسر مەنگووڕی، هاووڵاتیی دەستبەسەر کراوی خەڵکی پیرانشار کە نزیکەی دوو مانگ پێش لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا دەستبەسەر کرابوو، لە ژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی ئەم ناوەندە ئەمنییەدا گیانی لە دەست داوە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی مەنگووڕی لەمبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند: “ ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی خەرمانانی ٢٧٢١ (٨ی سێپتامبری ٢٠٢١) ئیتلاعاتی سپای ئورمیە پەیوەندی بە بنەماڵەی یاسر مەنگووڕی کردووە و پێیانی ڕاگەیاندووە کە کوڕەکەتان گیانی لە دەست داوە”.

ئەو سەرچاوەیە کە بە هۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی ئاشکرا بێت لە درێژەدا وتی: “ناوەندە ئەمنییەکان وتوویانە کە ناوبراو لە تێکهەڵچوونێکدا لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان  کوژراوە”.

ئەم ئیدعایە لەکاتێکدایە کە یاسر مەنگووڕی شەوی شەممە ٢٦ی پووشپەڕی ٢٧٢١ (١٧ی جولای ٢٠٢١) کاتێک لە ماڵەکەی خۆی چووەتە دەرەوە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر و بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگەکانی ئەم ناوەندە ئەمنییە لە ئورمیە گوازراوەتەوە.

یاسر مەنگووڕی کوڕی مستەفا خێزاندار و باوکی دوو منداڵە و لەماوەی دوو مانگی ڕابردووفا هیچ جۆرە پەیوەندییەکی لەگەڵ بنەماڵەکەی نەبووە و لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەرەکەشی بێبەش بووە.

بە پێی ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی ساڵەکانی ٢٠١٧ هەتا سێپتامبری ٢٠٢١ لانیکەم ٢٣ بەندکراوی کورد لە ژێر ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران گیانیان لە دەست داوە کە ١٥ کەسیان بەندکراوی سیاسی بوون.

Paylas: