بەیاننامەی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ٤١ ساڵەی فیتوای خومەینی
پەیامی کورد ... بەیاننامەی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ٤١ ساڵەی فیتوای خومەینی
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ساڵڕۆژی فتوای بەدناوی خومەینی و هێرشی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
خەڵکی خۆڕاگر و بەهەڵوێستی کوردستان!
حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی و ئێرانی!
ئەمڕۆ ٢٨ی گەلاوێژ، ٤١ ساڵ بە سەر فتوا بەدناوەکەی خومەینی و هێرشی هەمەلایەنەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر کوردستان تێدەپەڕێ.
لە پاش شۆڕشی گەورەی خەڵکی ئێران و ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی لەو وڵاتە وا چاوەڕوان دەکرا کە ئێران بەرەو سەقامگیری و داننان بە مافەکانی خەڵکدا بڕوا، چونکە لەلایەک گەلانی ئێران هەم تێچوویەکی زۆریان بۆ ئەو شۆڕشە و لابردنی ڕێژیمی پێشوو دابوو، هەم ڕێژیمی تازە بە دەسەڵات گەیشتوو وادە و بەڵێنیی وایان بە خەڵک دابوو کە ڕێز لە داخوازییەکانی ئەوان دەگیرێ و ڕێگا بە هەموو هێزە سیاسییەکانی بەشداری شۆڕش دەدرێ کە پێکەوە ئێرانێکی ئازاد و ئاوەدان بنیات بنێنەوە، بەڵام بەداخەوە هەر زوو ئەو شۆڕشە گەورەیە بەلاڕێدا برا و پشت لە هەموو ئاوات و ئامانجەکانی خەڵک کرا.
یەکێک لەو گەلانەی چوارچێوەی جوغرافیای ئێران کە بە هەموو شێوەیەک ڕۆڵی لەو شۆڕشە مەزنەدا هەبوو، گەلی کورد و هێزە سیاسییەکانی کوردستان بوون، کە خوازیاری ئەوە بوون لە پاش شۆڕش، کۆتایی بەو هەموو ناحەقی و نەهامەتییانەی لە ڕێژیمی پێشوودا بەرانبەریان کرابوو، بهێنرێ.
خەڵکی کوردستان و هێزە سیاسییەکانی هەر لە سەرەتاوە خوازیاری ئەوە بوون و بە کردەوەش سەلماندیان کە دەیانهەوێ بە شێوەیەکی ئاشتییانە و دوور لە توندوتیژی پرسی کورد لەگەڵ ناوەند چارەسەر بکەن. بەڵام بەداخەوە ڕێژیمی تازە بەدەسەڵات گەیشتوو و لە سەرووی هەموویانەوە خومەینی باوەڕی بە چارەسەریی پرسی کورد نەبوو و داوای ئاشتییانەی خەڵکیان بە فتوای شەڕ و هێرش بۆ کوردستان وڵام دایەوە.
کار گەیشتە ئەو جێگایەی کە ڕۆژی ٢٨ی گەلاوێژ بە فتوای خومەینی هێرشێکی هەمەچەشنی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە زەوین و ئاسمانەوە بۆ کوردستان دەستی پێکرد.
لەو هێرشە داعش ئاساییەی سەردەم ئەوەی دەرحەق بە خەڵکی کوردستان لە دەستیان هات کردیان. لە بۆمباران و تۆپبارانی شار و گوندەکانەوە بگرە هەتا کوشتنی ژن و منداڵ و ئێعدامە بەدناوەکانی دادگاییە چەند خولەکییەکانی خەڵخاڵیی جینایەتکار.
لەم ٤١ ساڵەدا هەتا ئێستا بە دەیان هەزار خەڵکی بێدەرەتانی کوردستان بە دەستی کۆماری ئیسلامی کوژراون و بە دەیان شار و گوندی کوردستان خاپوور کراون و بە دەیان ڕێبەری و سەدان کادری سیاسیی لێوەشاوەی کورد بە دەستی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی تێرۆر کراون. بە هەزاران پێشمەرگە شەهید کراون و زیاتر لە دوو هەزار زیندانیی سیاسی لە زیندانەکان ئێعدام کراون.
ئێستاش پاش ٤١ ساڵ هێشتا کار بەو فتوایە دەکرێ و ڕێژیم دەستی لە جینایەتەکانی دەرحەق بە خەڵکی کوردستان هەڵنەگرتووە.
خەڵکی خۆڕاگری کوردستان!
٢٨ی گەلاوێژ ئەگەر لەلایەک ساڵڕۆژی وەها فتوایەکی بەدناوە، لەلایەکی دیکەشەوە وەبیرهێنەرەوەی بڕیاری بەرگریی گەلی کورد و سەرکردایەتی بوێری شۆڕشەکەی و بەرەنگارییەکی پیرۆزە کە نیشاندەری ئیرادە و هێزی باوەڕی نەتەوەیەکە کە ڕێگای نەدا و ڕێگا نادا ملهۆڕییەکان و جینایەتەکانی دەسەڵاتی تاران بەچۆکیدا بێنێ و تەسلیمی ویست و داخوازییە نامرۆڤانەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ببێ. ئەوە ٤١ ساڵە کە هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بە پشتیوانیی خەڵکی خۆیان، لە مەیدانی بەرگری دان و سەرەڕای قوربانیدان و تێچووی زۆر نەیانهێشتووە بیر و هزری دواکەوتوانەی ڕێژیمی مرۆڤکوژی تاران بە سەر کوردستاندا زاڵ ببێ.
بۆیە لەم ڕۆژە مێژووییەدا وێڕای سەری رێز و کڕنۆش لە بەرانبەر ڕووحی پاکی شەهیدانمان، جارێکی دیکە بەڵێن بە خەڵکی کوردستان دەدەین کە، هەتا گەییشتن بە مافە ڕەواکانی گەلەکەمان لە خەبات و تێکۆشان ناوەستین و هاوکات داواشیان لێدەکەین وەک چۆن ئەو هەموو ساڵە پاڵپشتمان بوون و هەن، دەبا هەموومان و بە هاوکاری و یارمەتیی یەکتر خەباتی گەرموگوڕی خۆمان بەرینە پێشێ و بە هیممەتی هەموو لایەکمان ڕێژیمی داگیرکەری تاران لە وڵاتی خۆمان وەدەر بنێین و ئازادی و ئاوەدانی بۆ وڵاتەکەمان بە دیاری بێنین.
نەفرەت لە فتوا و فەرمانی خومەینی و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و هێرشی وان بۆ سەر خەڵکی ئازادیخواز و ئاشتیخوازی کوردستان
سڵاو لە بەرگری و خۆڕاگری و گیانبازی و فیداکاریی خەڵکی کوردستان و هێزە سیاسییە دەروەستەکانی
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
٢٨ی گەلاوێژی ١٣٩٩