باوک و کوڕێک لە شاری چالدێران دەستبەسەر کران
پەیامی کورد ... باوک و کوڕێک لە شاری چالدێران دەستبەسەر کران
هاووڵاتییەکی خەڵکی چالدێران سەر بە پارێزگای ئورمیە هاوڕێ لەگەڵ کوڕە مێرمنداڵەکەی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسیلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر و چارەنووسیان نادیارە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکیڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، حەوتووی ڕابردوو هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران هەڵیانکوتاوەتە سەر گوندی سەگریک سەر بە شاری چالدێران و هاووڵاتییەکیان بە ناوی محەمەد خالیدی و کوڕە ١٦ ساڵانەکەی بە ناوی ئەحمەد خالیدی دەستبەسەر کردووە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هێزانە بەبێ پیشاندانی هەر جۆرە بەڵگەیەکی دادوەری و یاسایی ئەم باوک و کوڕەیان دەستبەسەر کردووە و دواتریش ماڵەکەیانیان پشکنیوە.
ئەو سەرچاوەیە کە بە هۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت لە درێژەدا وتی کە ئەم باوک و کوڕە بە تۆمەتی هاوکاری کردنی حیزبێکی کوردستانی دژبەری حکوومەت دەستبەسەر کراون.
دوای تێپەڕینی یەک حەوتوو لە دەستبەسەر کرانی محەمەد خالیدی و کوڕەکەی ئەحمەد خالیدی چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانیان نادیارە و بەدواداچوونی بنەماڵەکەیان لەوبارەیەوە بێ ئاکام ماوەتەوە.