بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی کۆتاییی خولی فێرکردنی زمانی کوردی لە شاری شنۆ
پەیامی کورد... بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی کۆتاییی خولی فێرکردنی زمانی کوردی لە شاری شنۆ
کۆڕی ڕێزگرتن لە فێرخوازانی زمانی کوردی لەلایەن ناوەندی زانستپەروەری بۆ ژیان لە شاری شنۆ بەڕێوە چوو.
ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، ناوەندی زانستپەروەری بۆ ژیان، وەک ناوەندێکی چالاک لە بواری «زمانەوانی و ڕۆشنگەری» لە شاری شنۆ، ڕێوڕەسمێکی کۆتایی و ڕێزلێنانی بۆ ٦٠ قوتابی سەرکەوتوو کە بۆ ماوەی ٣مانگ چالاکانە دەورەی پەروەردەی نووسین بە زمانی کوردییان بینیبوو، پێکهێنا و بڕوانامەی بە بەشداربووان بەخشی.
شایانی باسە هەر لەو ڕێوڕەسمەدا هەر یەک لە بەڕێزان مامۆستا «عومەر محەممەدی» و «مامۆستا شەفێع ئاراستە» دوو بابەتیان لەسەر گرنگی «زمانی دایک» و «فەلسەفەی زمانی دایک» پێشکەش بە ئامادەبووان کرد و دواتر دوو شیعر لەلایەن ڕێزداران «شەیدا مەحموودی» و «شاهۆ بابەکری»، لەژێر ناوی «خۆشەویستی زمان» و «خۆشەویستی بۆ مامۆستا» پێشکەشی بەشداربووان کرا.
پاشان گرووپی مۆسیقای «سەبا» بە سەرپەرەستیی مامۆستا «عوسمان قادرتاج» دوو بەرهەمیان پێشکەش کرد و هەروەها کۆڕی هونەریی ناوەندی زانستپەروەری بۆ ژیانیش سروودێکیان بە ناوی «خوایە وەتەن ئاوا کەی» پێشکەش بە بەشداربووان کرد.
لە کۆتاییی ڕێوڕەسمەکەدا، بڕوانامە بە فێرخوازان بەخشرا و لەلایەن دەستەی بەڕێوەبەریی ناوەندی «زانسپەروەری بۆ ژیان» سوپاسنامە و خەڵات پێشکەش بە مامۆستایانی زمانی کوردی کرا.