بەڕێوبەری گازی هەولێر ڕایگەیاند : تکایە بۆ سەلامەتی زیاتر تەنها گاز لە بریكارە ڕێپێدراوەكان بكڕن
پەیامی کورد ... بەڕێوبەری گازی هەولێر ڕایدەگەینێت، ئێستا جگە لە كارگە حكوومییەكان، چەند كارگەیەكی ئەهلیش گاز بەرهەم دەهێنن و لە گەڕەكەكانی هەولێر دەیفرۆشنەوە، كە بەرهەمەكانیشیان لە ژێر چاودێری حكوومەتدا نییە، بۆیە بۆ سەلامەتی هاووڵاتیان، داوا دەكەین كە تەنها گاز لە بریكارە ڕێپێدراوەكانی حكوومەت بكڕن.
بەختیار پشدەری، بەڕێوبەری گازی هەولێر ، ڕاگەیاند: "ئەو گازەی كە حكوومەتی هەرێم بەرهەمی دەهێنێت، لەگەڵ پێوەرەكان گونجاوە لە ڕووی سەلامەتی و باشی بتڵەكان و كێشی گازەكەش، بۆیە داواكارین كە هاووڵاتیان تەنها غاز لە بریكارە رێپێدراوەكانی حكوومەت بكڕن، چوونكە باوەڕپێكراون و بۆ سەلامەتی هاووڵاتیانیش باشترە".
لەبارەی خۆپێشاندانی بریكارەكانی غازفرۆشتن سەبارەت بە نەفرۆشتنی گاز لەلایەن ئەو كەسانەی بریكاری فەرمی نین، بەڕێوەبەری گازی هەولێر گوتی: "پشتگیری لە داواكارییەكانیان دەكەین، چونكە بەشێك لەو بتڵانەی كە لە كارگە ئەهلییەكان دەفرۆشرێت، مەرجی سەلامەتییان تێدا نییە، هاوكات بریكارە فەرمییەكان لە ژێر چاودێری حكوومەتدان و ساڵانەش باج دەدەن، بۆیە ئەوە مافی ئەوانە كە ئەم كارە بكەن".
پشدەری ڕاشیگەیاند، بەرهەمی گازی كوردستان ئێستا لە پێویستی ناوخۆ زیاترە و ئەمەش جێگای دڵخۆشییە بۆ هەمووان.