بەرهەمه نەوتییەکانی کەرکووک بەشی هەناردەکردن بۆ ئێران ناکات
پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت " ڕاکان سەعید "، ڕایدەگەیێنێت، تاوەکو ئێستا هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک بۆکۆماری ئیسلامی ئێران دەستی پێنەکردووە.
بەووتەی پارێزگاری کەرکووک، تاوەکو ئێستا هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک راگیراوە، تەنیا بۆ ناوخۆ نەبێت، کە بڕی 30 هەزاربەرمیل ڕەوانەی پاڵاوگەی سینییە لە پارێزگای سەلاحەدین، 150 هەزار بەرمیل ڕەوانەی پاڵاوگەی کەرکووک و 40 هەزار بەرمیلیش ڕەوانەی وێستگەی قۆدس دەکرێت، هەروەها بڕێکیشی دەچێتە پاڵاوگەی دۆرە لە بەغدا.
ڕاکان سەعید ئاماژە بەوەش دەکات کە : لەگەڵ ئەوەی گرێبەستی هەناردەکردنی نەوت بۆ پاڵاوگەی کرماشانی ئێران کراوە بەڵام دەست بەهەناردەکردنی نەوتی کەرکووک بۆ ئێران نەکراوە
پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت رایگەیاندووە، گرێبەستی کۆمپانیای نەوتی بەریتانی "بریتش پتریڵیۆم BP" لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق لە کەرکووک گرێبەستی وەبەرهێنانە نەک بەرهەم، ئەوەی تاوەکو ئێستا کراوە هەڵسەنگاندنی کێڵگەی نەوتی داقوقە، کە دەیانەوێ بزانن توانای زیادکردنی بەرهەمی هەیە یاخود نا.
سەرۆکی لیژنەی نەوت و وزە لە ئەنجوومەنی پارێزگاری کەرکووک " ئەحمەد عەسکەری "، ڕایدەگەینێت ، ئەوەی وایکردووە نەوت هەناردەی ئێران نەکرێت ئەوەیە کە بەرهەمهێنانی نەوتی کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک وەستاونو ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی کەرکووک تەنیا بەشی ناوخۆ دەکات و بەشی هەناردەکردنی دەرەوە ناکات،.
لە بەر هەندێک هۆکاری ئەمنییش، ئێران ناتوانێ پڕۆژەی هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک لەڕێگەی تانکەرەوە بۆ ئێران جێبەجێبکات.
هەروەها ڕوون کراوەتەوە، ئێران ئامێری تیشکی ئێکسی نییە بۆ پشکنینی تانکەرەکان، کە لایەنی عێراقی بۆ پەڕینەوە بۆ ئێران دەیهەوێت ئەنجامبدرێت.
لە کۆتایی مانگی تەمموزی ساڵی رابردوو
لەکاتی سەردانی جەبار لوعێبی، وەزیری نەوتی عێراق بۆ ئێران ، عێراق و ئێران لەسەر راکێشانی بۆری نەوت لە کەرکووکەوە بۆ ئێران رێککەوتن، وەک هەنگاوی سەرەتایش بە پاڵاوتنی نەوت و هەناردەکردنی نەوت بە تانکەر دەستپێدەکەن
لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا، راکان سەعید لەکاتی بەشدارییکردنی لە کۆنگرەی ئاوەدانکردنەوەی عێراق لە کوێت رایگەیاند "ئەم مانگە (شوباتی 2018) هەناردەکانی نەوتی کێڵگەکانی کەرکووک بۆ ئێران دەستپێدەکات، بەتێکڕا رۆژانە 60 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی ئێران دەکرێت"..