TR KU SO
FB X
Kurdistan

بە زوویی پێج هەزار ڤاکسینی کۆرۆنا دەگاتە هەرێمی کوردستان

Navas Jan
Admin
📅 01 Mart 2021 15:02

پەیامی کورد … بە زوویی پێج هەزار ڤاکسینی کۆرۆنا دەگاتە هەرێمی کوردستان

 

د. ئاسۆ حەوێزی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان دەڵێت: ئەمڕۆ دووشەممە یەكەم كاروانی ڤاكسین كە "سینۆفارم"ی چینیە دەگاتە عێراق كە 50 هەزارە و 5 هەزاری بۆ هەرێمی كوردستانە.

 

ئاسۆ حەوێزی لە لێدوانێكی تەلەفزیۆنیدا باسی لەوەكردوە: بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە 50 هەزار ڤاكسینی سینۆفارمی چینی بگاتە بەغدا و سێشەممە دەست بكرێت بەدابەشكردنی، لەو بڕەش 5 هەزاری بۆ هەرێمی كوردستانە و سەرەتا لە پزیشكان و پاشان هێزەكانی ئاسایش و ناوخۆ و بەساڵاچوان دەدرێت.

 

ئاماژەی بەوەشدا: ڤاكسینە چینیەكە بێبەرامبەرە، هەروەها شوێنە داخراوەكانی وەك قوتابخانەكان و زیندانیەكانیش پشكیان لە وەرگرتنی ڤاكسین دەبێت، ئەو بڕە ڤاكسینە هیچ پڕناكاتەوە، بەڵام ئەوەی گرنگە هاتنی ڤاكسینی ئەسترازینیكایە لەلایەن كۆمپانیای كۆڤاكسەوە بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان.

 

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی جەختلەوەشدەكاتەوە: ئەگەر ئەم هەفتەیە نەبێت هەفتەی داهاتو دەگاتە عیراق كە ملیۆنێك و 500 هەزار ژەم دەبێت، پشكی هەرێمی كوردستان نزیكەی 20٪ی دەبێت، هەروەها بەپێی رێككەوتنی عێراق لەگەڵ ئەو هاوپەیمانییەی كە لە ئەیلولی 2020 واژۆ كراوە، ڤاكسین بۆ 20%ی دانیشتوانی عێراق دابین دەكرێت كە 16 ملیۆن ژەمە و ڤاكسینی ئەسترازینیكای ئۆكسفۆردە و بە 169 ملیۆن و 736 هەزار و 840 دۆلار كڕدراوە، وبڕیارە رێكخراوی یونیسێف بیگەیەنێتە عێراق.

Paylas: