کۆبوونەوەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆتایی پێهات
پەیامی کورد ... کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەغدای پایتەخت کۆتاییهات.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە گەیشتە بەغداو لەگەڵ عادل عەبدۆلمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوەوە و بڕیاریشە لەگەڵ د.بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق و محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆببێتەوە.
بەپێی زانیاریەکان ، سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا بۆ دەربڕینی پشتیوانی هەرێمی کوردستانە بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق، کە دوای سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکانی عێراق هەندێک لەلایەنە عێراقییەکان داوای دەستلەکارکێشانەوەیان دەکرد.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەریەکە لە جەعفەر شێخ مستەفا و مستەفا سەید قادر، جێگرانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، یاوەری سەرۆکی هەرێمی کوردستانن لە بەغدا.
ماوەی ٦ هەفتەیە خۆپیشاندان زۆربەی شارەکانی عێراقی گرتوەتەوە، تا ئێستا بەڵێنەکانی حکومەت خۆپیشاندەرانیان رازینەکردوە و بەردەوامن لە خۆپیشاندان، بەپێی دوایین زانیارییەکانیش ٣١٩ کەس کوژران و زیاتر لە ١٥ هەزار کەسیش برینداربون.