TR KU SO
FB X
Kurdistan

دابەشکردنی مووچە ئاسایی دەبێتەوە

Navas Jan
Admin
📅 18 Mayıs 2022 19:49

پەیامی کورد... دابەشکردنی مووچە ئاسایی دەبێتەوە

لیزا فەلەکەدین کاکەیی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای کرد، دابەشکردنی مووچە ئاسایی دەکرێتەوە وەک پێشتر، هەوڵ دەدرێت لە کاتی خۆیدا 25ی مانگ دەست بە دابەشکردنی مووچە بکرێت و دوای تەواوبوونی مووچەی مانگی چواریش یەکسەر دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی پێنج دەکرێت.

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی ڕاگەیاندووە، بڕیار دراوە مەودای نێوان دابەشکردنی مووچە کەم بکرێتەوە، ئەمەش بەو واتایەی هەوڵ دەدرێت وەک پێشتر مووچە لە کاتی خۆیدا دابەش بکرێت.

ئەوەشی وتووە: "دوای تەواوبوونی دابەشکردنی مووچەی مانگی چوار تەواوی دامودەزگا حکومی و سیادییەکان لە ماوەیەکی زۆر کەمدا دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی پێنج دەکرێت".

ڕوونیشی کردووەتەوە، ئەم هەوڵەش بۆ مانگەکانی داهاتووش بەردەوام دەبێت تا لە ڕووی کاتەوە کاتی دابەشکردنی مووچە دەکەوێتەوە سەر باری ئاسایی خۆی.

لیزا کاکەیی جەختی لەوەش کردووەتەوە، هەر بڕیارێکی حکومەت لە بەرژەوەندی هاووڵاتییاندا بێت بە دڵنیاییەوە وەک پەرلەمان پاڵپشتی لێ دەکەن و وەک لایەنی چاودێر هاوکار دەبن لە دیاریکردنی کەموکورتییەکان و دۆزینەوەی ڕێگەچارە بۆ باشتر خزمەتکردنی هاووڵاتییانیان.

 

Paylas: