دەمیرتاش خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کاندید دەکات
لە ڕێگەى نامەیەکەوە، هاوسەرۆکى پێشووى هەدەپە، لەزیندانەوە ڕایگەیاندووە، کە ئامادەیی تەواوى تێدایە کێبڕکێ بکات، بۆ بەدەستهێنانى پۆستى سەرۆک کۆمارى تورکیا.
ئاژانسە هەواڵییەکانی تورکیا بڵاویانکردووەتەوە، کە سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتیی گەلان هەدەپە، لەزیندانەوە نامەیەکی لەڕێگای پارێزەرەکانییەوە بڵاوکردووەتەوەو تێیدا، باسی پرسی کاندیدبوونی خۆی دەکات لە هەڵبژاردنەکاندا، بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری تورکیا.
دەمیرتاش لەو نامەیەدا دەشڵێت، "قەدەغەی سیاسی ببێت یا نەبێت، کاندیدى سەرۆک کۆماری ببم یا نەبم، من و هەدەپە وتەی زۆرمان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری پێیە و دەرەنجامی هەڵبژاردنەکانیش پێوەندیی بە هەڵویستی ئێمەوە هەیە".
هێمای بەوەشکردووە، کە لە سەرەتاوە دۆخەکە لەنزیکەوە تاوتوێ دەکەن و پاشان لەبارەی کاندید بوونەوە بڕیار دەدەین.
جێی ئاماژەیە لە ساڵى (٢٠١٦)ەوە، سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکى پێشووى پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپە، بەتۆمەتى پەیوەندى بە پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە دەستگیرکراو تائێستاش لەزینداندایە.