دانانی مەرجی بارمتەی قورس بۆ ئازادیی کاتیی هەشت چالاکی کرێکاریی دەسبەسەرکراو لە سنە
پەیامی کورد... دانانی مەرجی بارمتەی قورس بۆ ئازادیی کاتیی هەشت چالاکی کرێکاریی دەسبەسەرکراو لە سنە
دەزگای دادوەریی ڕێژیم لە شاری سنە بۆ ئازادکردنی کاتیی هەشت چالاکی کرێکاری و مەدەنیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی ئەو شارە، داوای دانانی بارمتەی قورس دەکات.
بەپێی ڕاپۆرتی "هەنگاو"، دەزگای دادوەریی ڕێژیم لە شاری سنە بۆ ئازادکردنی کاتیی هەشت چالاکی کرێکاری و مەدەنیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی ئەو شارە بە ناوەکانی "کەماڵ کەریمی، شادمان عەبدی، عەبدوڵڵا خەیرئابادی، سیروان مەحموودی، ئیقباڵ پێشکاری، هاجەر سەعیدی، خەبات مەحموودی و حەبیبوڵڵا کەریمی" داوای دانانی بارمتەی قورس دەکات و لەم نێوەدا تەنیا خەبات کەریمی توانیویەتی بارمتەیەکی چەند میلیارد تمەنی بۆ ئازادیی کاتیی خۆی دابین بکات.
بەهۆی دانرانی مەرجی بارمتەی قورسی چەند میلیارد تمەنی، ئەم حەوت چالاکە کرێکارییە هێشتا دەسبەسەرن و ڕێگری لە ئازادیی کاتییان دەکرێت و تەنیا خەبات مەحموودی لەنێو ئەم هەشت چالاکە کرێکاری و مەدەنییە توانیویەتی بڕی بارمتەی داواکراو دابین بکات و بە شێوەیەکی کاتی ئازاد بکرێت.
لە دوای هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم بۆ سەر ماڵی فەرشید عەبدوڵڵاهی، باوکی لاوی گیانبەختکردوو، هوومەن عەبدوڵڵاهی، دوای لێدان و کووتانی ئەم هەشت هاووڵاتییە، لەلایەن ئەو هێزانەوە دەسبەسەر کرابوون.
ئەو هاووڵاتییانە، شەوی ٢٧ی بانەمەڕ، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کرابوون.