دەنگۆی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە کێشە لەسەرەکان دوورە لە ڕاستی
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستانی عێراق لەبارەی دەنگۆی گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ ناوچە کێشەلەسەرەکان ڕایگەیاند “هەرچی بڵاوکراوەتەوە لەمبارەیەوە کاری هۆکارەکانی ڕاگەیاندنە ، لە ڕاستیدا هیچ ئەسڵ و ئەساسێکی نییە . هەندێک لەو برادەرانەی کە هیچ پەیوەندییان بە کاروبارەکانی هێزی پێشمەرگەوە نییە ئەو لێدوان و هەواڵانەیان بڵاو کردۆتەوە”.
جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا ئاماژەی بەوەکرد، “تا ئەم خولەکەش نە لەلایەن حکومەتی هەرێم و نە لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵی هیچ بڕیارێک نەدراوە بۆ گەڕانەوە هێزی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە”.
لەبارەی دووبارە سەرهەڵدانەوەی رێکخراوی تیرۆرستی داعش جەبار یاوەر وتی “ئێمە وەک وەزارەتی پێشمەرگە و فەرماندەکانی هێزی پێشمەرگە لەو کاتەدا ووتوومانە کە داعش کۆتایی نەهاتووە و تەنها وەکو خیلافەتی ئیسلامی لە موسڵ و شارەکان کۆتایی هاتووە. ئێمە پێشبینیمان دەکرد کە داعش جارێکی تر خۆی رێکبخاتەوە و دەست بکات بە کاری تیرۆرستی”.