داوا لە هاووڵاتیان دەکرێت "کارتی دەنگدان وەرگرنەوە
جێگری بەرپرسی ئۆفیسی ھەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ووتی، دابەشکردنی کارتی دەنگدان لە سنووری ھەولێر بەردەوامە و ڕێژەی بەشداریکردنی کارتی دەنگدان گەیشتووەتە ٨٨% و، بەشێکی کارتەکانیش وەرنەگیراونەتەوە. داواش لە هاووڵاتییان دەکات کارتی دەنگدانیان وەربگرنەوە، بۆ ئەوەی بێبەش نەبن لە دەنگدان .
بۆتان شێرکۆ، جێگری بەرپرسی ئۆفیسی ھەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، ڕایگەیاند : ''ئامادەکاری زۆر باشمان کردووە بۆ ھەڵبژاردنەکان و خولمان کردووەتەوە و خەریکی دانانی کارمەندانین بۆ سەر سندووقی دەنگدان و ئەم جارە بە جۆرێک کارمان کردووە کە ھەڵەکانی ڕابردوو لە ئامێرە ئەلکترۆنییەکاندا دووبارە نەبنەوە و زۆر باش چارەسەر کراون.''
بۆتان شێرکۆ گوتیشی: ''دابەشکردنی کارتی دەنگدان بەردەوامە و ئێستا ڕێژەکە گەیشتووەتە ٨٨%، کە ڕێژەیەکی باشە و ھاووڵاتی و دەنگدەر دەتوانن بە کارتی بایۆمەتری و کارتی کورتخایەن دەنگ بدەن، ئەوەی بە کارتی کورتخایەن دەنگ دەدات، پێویستە بە ھەر ١٠ پەنجە مۆر بکات و کارتەکەیشی لێ وەردەگیرێتەوە.''
شێرکۆ باسی لەوەش کرد: ''نزیکەی ٧٠٠ ھەزار کارتمان دابەش کردووە و بەشێکیشی ماوە دابەش و نەکراوە و داوا لە خەڵکی خۆمان دەکەین، بێن کارتی خۆیان وەربگرنەوە، بۆ ئەوەی بێبەش نەبن لە دەنگدان، چونکە ئەوەی کارتی نەبێت مافی دەنگدانی نابێت، بۆیە گرنگە خەڵک بێن کارتی خۆیان وەربگرنەوە.''