TR KU SO
FB X
Kurdistan

دەستگیر کرانی ١٩ ڕۆژنامەنووس لە باکووری کوردستان

Navas Jan
Admin
📅 08 Haziran 2022 18:50

پەیامی کورد... دەستگیر کرانی ١٩ ڕۆژنامەنووس لە باکووری کوردستان

پۆلیسی تورکیا بەیانی ئەمڕۆ لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە ئامەد ١٩ ڕۆژنامەنووسی دەستگیر کرد، کە یەکێک لەوانە، سەردار ئاڵتان سەرۆکی فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنووسانی دیجلە و فوراتە.

بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە پۆلیسی تورکیا لە ئامەدی باکووری کوردستان ئۆپەراسیۆنێکی بۆ سەر ماڵی ڕۆژنامەنووسان دەستپێکردووە، تا ئێستا ١٩ ڕۆژنامەنووس دەستگیرکراون، کە یەکێکیان سەردار ئاڵتان، هاوسەرۆکی کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی دیجلە و فوراتە.

هاوکات میدیاکانی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بڵاو یان کردەوە، لە ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیادا هەریەکە لە ڕۆژنامەنووسانی ژن نیووز- سافیە ئالاگاش و گوڵشەن کوچەک، ڕۆژنامەنووسی ئاژانسی مەزۆپۆتامیا عەزیز ئوروچ، عومەر چەلیک، سوات دۆگهان، ڕەمەزان گەچکین، بەریڤان کاراتۆپراک، نەشە تۆپراک، ئیبراهیم کۆینچو، ئەسمەر تونج، مەهمەت شاهین، زەینەڵ عابدین، لەناو دەستگیرکراواندان.

لەدوای هەوڵی کوودەتا شکستخواردووەکەی (تەممووز/٧) ی ٢٠١٦ هەزاران ڕۆژنامەنووس، چالاکوانی مەدەنی و سیاسی و هاووڵاتی لە تورکیا دەستگیرکراون و سزای زیندانیکردنیان بە تۆمەتی ئەندامێتی پەکەکە و ڕەوتی خزمەتی فەتحوڵڵا گوللەن دەستگیرکراون، کە تورکیا بە هەوڵی ئەنجامدانی کوودەتاکە تۆمەتباری دەکات.

 

پەرلەمانی ئەورووپا دەڵێت، ڕەوشی مافی مرۆڤ لە تورکیا خراپە

دوێنێ سێشەممە، پەرلەمانی ئەورووپا ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠٢١ی لەبارەی تورکیا بە دەنگی ٤٤٨ پەرلەمانتار پەسەند کرا و ٦٧ پەرلەمانتاریش دژی ڕاپۆرتەکە بوون، هاوکات ١٠٧ پەرلەمانتاریش ئامادەی کۆبوونەوەکە نەبوون، کە تێیدا هاتووە، «ڕەوشی مافی مرۆڤ لە تورکیا خراپ»، هانی حکومەتی وڵاتەکەش دەدات کە ڕێگە خۆش بکات بۆ ئاشتبوونەوەی ڕاستەقینە لەنێوان گەلانی تورکیا و ئەرمەنەکان.

تا ئێستا وەزارەتی ناوخۆی تورکیا هیچ ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی دەستگیرکردنی ئەو ڕۆژنامەنووسانە بڵاوەنەکردووەتەوە.

 

Paylas: