دەستەی گەشتوگوزار ... هەموو ئامادەكارییەك بۆ جەژن كراوە
پەیامی کورد ... گەشتیاران بە ئاو و هەوای كوردستان دڵخۆشن و دەڵێن، كوردستان ئارامە و شوێنی زۆر خۆش و دڵڕفێنی هەیە، ئەوەش وای كردووە كە بەردەوام سەردانی كوردستان بكەن. دەستەی گەشتوگوزاریش رایدەگەینێت، لەم هاوینەدا رۆژانە 15 تا 20 هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی كوردستان و هاوینێكی پڕ لە گەشتیار بووە، هەروەها بۆ جەژنی قوربانیش ئامادەكاری كراوە و ژمارەی گەشتیاران زۆر زیاتر دەبێت.
گەشتیارێكی ناوەڕاستی عێراقە و سەردانی هاوینەهەواری بێخاڵی كردووە و دەڵێ : "كوردستان زۆر خۆشە و شوێنی زۆر دڵڕفێنی هەیە، خەڵكەكەشی ڕێز لە گەشتیاران دەگرن، ئەوەش هۆكار بووە كە ساڵانە بەردەوام سەردانی كوردستان بكەین و كاتێكی خۆش بەسەر ببەین".
گەشتیارێكی دیكە گوتی: "مامەڵەی دەزگا ئەمنییەكان لەگەڵ گەشتیاران زۆر باشە، لەگەڵمان هاوكارن بۆ ئەوەی بە زووترین كات بگەینە شوێنە گەشتیارییەكان، ئەوەش زیاتر سەرنجی گەشتیارانی راكێشاوە، كە بەردەوام روو لە شوێنە گەشتیارییەكانی هەرێم بكەن".