دەستبەسەرکرانی سێ هاووڵاتی لە مەهاباد
پەیامی کورد … دەستبەسەرکرانی سێ هاووڵاتی لە مەهاباد
سێ هاووڵاتیی دانیشتووی یەکێک لە گوندەکانی دەورووبەری مەهاباد نزیکەی سێ حەوتوو پێش ئێستا لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.
بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٧ی خەرمانانی ٢٧٢١ (٢٩ی ئاگۆستی ٢٠٢١)، دوو هاووڵاتیی خەڵکی گوندی “کۆسە کەرێزە”ی مەهاباد بە ناوەکانی زاهیر ڕووزخوون و حوسێن دودکانلوو میلان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.
شاهۆ ئەحمەدی هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی هەمان گوند حەوتوویەک دوای دەستبەسەر کرانی ئەو دوو کەسە دەستبەسەر کراوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم سێ هاووڵاتییە بە بێ پیشاندانی هەر جۆرە بەرگەیەکی دادوەری دەستبەسەر و دواتر ماڵەکانیان لەلایەن ئەو هێزانەوە پشکێندراوە.
سەرەڕای تێپەڕینی سێ حەوتوو لە دەستبەسەر کرانی ئەم سێ هاووڵاتییە کوردە، هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووس، شوێنی ڕاگیران و ئەو تۆمەتانەی کە خراوەتە پاڵیان لە بەر دەستدا نییە.