TR KU SO
FB X
Kurdistan

دوایین ئاماری بوومەلەرزەکەی باکووری کوردستان و تورکیا.. گیانلەدەستدان 14 هەزار کەسی تێپەراند

Navas Jan
Admin
📅 09 Şubat 2023 19:56

پەیامی کورد... دوایین ئاماری بوومەلەرزەکەی باکووری کوردستان و تورکیا.. گیانلەدەستدان 14 هەزار کەسی تێپەراند

بەپێی دوایین ئامار، ژمارەی گیانلەدەستدان لە بوومەلەرزەکەی مەرەشی باکووری کوردستان گەیشتووەتە سەروو 14 هەزار کەس. هاوکات، پێشبینی دەکرێت ژمارەکە زیاتر روو لە هەڵکشان بکات بەو پێیەی هێشتا ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک لەژێر داروپەردووی باڵەخانەکاندا ماون.

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 9ـی 2ـی 2023، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، "تا ئێستا 14 هەزار و 14 کەس بەهۆی بوومەلەرزەکەوە گیانیان لەدەستداوە و ژمارەی بریندارانیش گەیشتووەتە 63 هەزار و 794 کەس."

ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشکرد، لە دیلۆکی باکووری کوردستان 944 باڵەخانە رووخاون و 1415 کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە؛ هاوکات 10 هەزار و 935 کەسی دیکەش بریندار بوون.

وتیشی، 10 هەزار لیرە دەدرێتە هەر ماڵێک کە بەهۆی بوومەلەرزەوە زیانیان پێگەیشتووە.

ئەمەش پاش ئەوەدێت، بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە، لە کاتژمێر چواردا بومەلەرزیەک بە گوڕی 7.8 پلەی رێختەر و بە قوڵایی حه‌وت کیلۆمەتر لە تورکیادا روویدا و چەقی بومەلەرزەکە لە پارێزگای مەڕەش بوو، کە دواتر بومەلەرزەیەکی دیکەش بە گوڕی 7.5 پلە روویدا و کاریگەری بومەلەرزەکان سوریا و بەشێکی رۆژئاوای کوردستانیشی گرتەوە و لە هەرێمی کوردستانیشدا هەستی پێکرا.

بەهۆی بەهێزی بوومەلەرزەکە بەدەر لە زیانە گیانییەکان بەشێکی زۆری باڵەخانەکان داڕمان و تا ئێستاش گەڕان بەدوای قوربانیانی دیکە لەژێر پاشماوەی باڵەخانەکاندا بەردەوامە.

بوومەلەرزەکەی رۆژئاوای کوردستان و سووریا

ژمارەی گیانلەدەستدان لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا بەهۆی بوومەلەرزەکە بۆ 3162 کەس بەرزبووەتەوە.

هاوکات ژمارەی برینداران گەیشتووەتە 6100 کەس. هەندێک لایەنیش وەک عیراق و بەشێک لە رێکخراوە خێرخوازییەکان، لە هەوڵدان تا هاوکاری مرۆیی و خۆراک بگەیەننە زیانلێکەوتووان و بریندارانی بوومەلەرزەکە.

Paylas: