دوو کۆچبەری کورد لە سنووری ئیتالیا و فەڕانسا گیانیان لە دەست دا
پەیامی کورد ... دوو کۆچبەری کورد لە سنووری ئیتالیا و فەڕانسا گیانیان لە دەست دا
دەزگای لووتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران ڕای گەیاند، شەوی ڕابردوو لە ڕووداوێکی شەمەندەفەردا دوو کۆچبەری کوردی خەڵکی دەڤەری ڕاپەڕین لە سنووری فەڕەنسا گیانیان لەدەستدا و یەکێکی تریش بریندار بووە.
ئاری جەلال، سەرۆکی دەزگای لووتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "شەوی ڕابردوو ٢٣ی١٢ی٢٠٢٠ بە ڕووداوێکی شەمەندەفەر دوو کۆچبەری کورد کە خەڵکی دەڤەری ڕاپەڕینن ویستوویانە بە ڕێگایەکدا دەربازی فەڕەنسا ببن، گیانیان لەدەست داوە و یەکێکی دیکەش بریندار بووە".
ئاشکراشی کرد، کۆچبەرەکان کە ژمارەیان 20 کەس بووە، بە نیازبوون بە هەر ڕێگایەک بێت بپەڕنەوە بۆ فەڕەنسا کە تووشی ئەو ڕووداوە بوون".
سەرۆکی دەزگای لووتکە، ڕاشی گەیاند: "ڕووداوەکە لە هێڵی ئاسنینی (لیگوریا) لە ناوچەی ساڤۆنا ڕووی داوە، پاش ڕووداوەکە پۆلیسی ئەو شارە گەیشتووەنەتە شوێنی ڕووداوەکە و ئەو ڕێگایە بەسەر هاتوچۆدا داخراوە".
ئاری جەلال، گوتیشی: "بەهۆی لێدانی شەمەندەفەرەکەوە دوو کەس لە کۆچبەرەکان ڕاستەوخۆ گیانیان لەدەست داوە و بریندارەکەش نێردراوە بۆ نەخۆشخانەیەکی ئەو وڵاتە، هەر بەپێی زانیارییەکان کۆچبەرەکانی دیکە کە سەلامەتن لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر کراون، لە نزیکترین کاتیشدا زانیاری لەسەر گەڕانەوە و ناسنامەی کۆچبەرە کوردەکان بۆ ڕای گشتی ئاشکرا دەکەین".