دوو سەربازی تورکیا لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان کوژران
پەیامی کورد … دوو سەربازی تورکیا لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان کوژران
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی ٣٠ی نیسانی ٢٠٢١، وەزارەتی بەرگریی توركیا كوژرانی دوو سەربازی لە ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان لەسەر دەستی چەكدارانی هێزەكانی پەكەكە راگەیاند.
بەپێی راگەیاندراوێكی وەزارەتی بەرگریی توركیا، دوو سەربازیان لە میانی ئۆپەراسیۆنی "چنگی بروسك" لە دژی هێزەكانی پەكەكە لە سنوورەكانی هەرێمی كوردستان كوژراون.
بەیاننامەكە ئاماژەی بەوە داوە كە یەكێك لە دوو سەربازەكە، ڕۆژی چوارشەممەی رابردوو لە شەڕێكدا ڕووبەڕووی هێرشی مووشەكی چەكدارانی پەكەكە بووەتەوە و بەم هۆیەوە بە سەختی بریندار بووە، دوای ئەوەی گەیەندرابووە نەخۆشخانە، ئەمڕۆ گیانی لەدەست داوە.
سەربازەكەی تریش لە میانی هەمان ئۆپەراسیۆندا، لە كاتی دابەزینی لە كۆپتەر بریندار بووە و دواتر بەهۆی برینەكەیەوە گیانی لەدەست داوە.