درێژكردنەوەی قەدەغەی هاتوچۆ لە هەرێمی كوردستان بۆ ماوەی ١٠ رۆژی دیكە، لە قازانجی هاووڵاتیاندایە
پەیامی کورد ... وەزیری تەندرووستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گوتی، هەوڵەكان بەردەوامن بۆ ئەوەی كۆنتڕۆڵی نەخۆشی كۆرۆنا بكرێت و دەشڵێ، درێژكردنەوەی قەدەغەی هاتوچۆ، لە قازانجی هاووڵاتیاندایە.
د. سامان بەرزنجی، ڕایگەیاند : "درێژكردنەوەی قەدەغەی هاتوچۆ لە هەرێمی كوردستان بۆ ماوەی ١٠ رۆژی دیكە، لە قازانجی هاووڵاتیاندایە و سوودی زۆریشی بۆ ئێمە دەبێت بۆ ئەوەی بتوانین كۆنتڕۆڵی نەخۆشی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان بكەین".
بەرزنجی گوتیشی: "درێژكردنەوەی قەدەغەكردنی هاتووچۆ بۆ ئێمە زۆر باشە و هاوكاری زۆرباشمان دەكات بۆ ئەوەی بتوانین بەسەر ئەو نەخۆشییەدا زاڵ بین و كۆنتڕۆڵی بكەین".
باسی لەوەش كرد: "رۆژانە پشكنین بۆ ئەو كەسانە دەكەین كە گومانیان لێ دەكرێت و بە شێوەیەكی گشتیش رۆژانە پشكنین بۆ ٧٠٠ كەس لە هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدەین".
دەشڵێ، ئەوانەی لە دەرەوە گەڕاونەتەوە، كەرەنتین كراون و ئەوانەی هەڵگری ڤیرووسەكەشن دۆخیان زۆر باش و جێگرە.