فێستیڤاڵی نەورۆز و ئازادی لە هەولێر دەستپێدەکات
پەیامی کورد... فێستیڤاڵی نەورۆز و ئازادی لە هەولێر دەستپێدەکات
بە بۆنەی ٣١ ساڵەی ئازاد بوونی شاری هەولێر، بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ فێستیڤاڵی ئادار و نەورۆز ساز دەکرێت، کە لە ١١ی ٣ دەست پێدەکات و ئێوارەی ڕۆژی ٢٠ی ٣ بە کردنەوەی ئاگری نەورۆز کۆتایی دێت.
لەو بارەیەوە ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی، لە ڕۆژی هەینییەوە ڕۆژی ئازادکردنی شاری هەولێر بە چالاکییەکانی دوازدەمین فێستیڤاڵی نەورۆز و ئازادی دەست پێدەکەن، کە ماوەی چەند ساڵێک بوو نەتوانرابوو بەهۆی پەتای کۆرۆنا و قەیرانی داراییەوە ئەو چەند فێستیڤاڵە ئەنجام بدرێت.
وتیشی، ٢٣ چالاکی لەو ڕۆژانەدا ئەنجام دەدرێن و ٢ هەزار و ٥٠٠ کەس و کەسایەتی و هونەرمەند بەشداری لەو فێستیڤاڵەدا دەکەن و لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر هەموو قەزا و ناحیەکان چالاکییان دەبێت، چاوەڕوان دەکرێت ژمارەیەکی بەرچاوی گەشتیارانیش بگەنە کوردستان.
بەپێی بەرنامەی فێستیڤاڵەکە لە ماوەی ١٠ ڕۆژی ئاهەنگەکانی نەورۆز و ئازادی، پەیکەری شەهید خەجە باوە وەک سیمبولی شەهیدانی ڕاپەڕینی شاری هەولێر لە پارکی شار دادەنرێت و لە ڕۆژانی فێستیڤاڵەکە ٦ پێشانگای جۆراوجۆر و دەکرێنەوە و سێ ئاهەنگی بەستە و مەقام ساز دەکرێن، هەروەها لە ڕۆژانی دواتریشدا ماراسۆنی کچان و فێستیڤاڵی منداڵان و شانۆگەری سەرشەقام ئەنجام دەدرێن.