جەبار یاوەر : بەرز کردنەوەی پلەی ئەفسەرانی پێشمەرگە دەستی پێکردووە
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، پلە بەرزكردنەوەی ئەفسەرانی پێشمەرگە دەستیپێكردووە، بەڵام مووچەکانیان بۆ خەرجناكرێت و بۆیان پاشەكەوت دەكرێت، ئەوەش “بەهۆی قەیرانی داراییەوە”.
جەبار یاوەرلەلێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند ، “لە كۆبوونەوەی ڕابردووی ئەنجومەنی وەزارەتی پێشمەرگە بڕیاردراوە بەرزكردنەوەی پلەی ئەفسەرانی پێشمەرگە دەستپێبكات”.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەنجومەنی وەزارەتی پێشمەرگە نووسراوێکی ئاڕاستەی هێزەكانی 70و 80 و بەرگری و فریاكەوتن و وەزارەتی پێشمەرگە و زێرەڤانی كردووە، بۆ ئەوەی لیستەكانیان بۆ بنێرن بۆ بەرزكردنەوەی پلەكانیان.
جەبار یاوەر ئەوەشی خستەڕوو، “لە ماوەی ساڵانی 2016 و 2017 و 2018 دا پلەی ئەفسەرەكانی پێشمەرگە بەرز نەكراوەتەوە، هۆكارەكەشی بۆ قەیرانی دارایی دەگەڕێتەوە”.
ئەمینداری گشتی پێشمەرگە ڕوونیكردەوە، “دوای بەرزكردنەوەی پلەی ئەفسەران موچەكانیان بۆ هەژمارناكرێت لە ئێستادا، بەڵكو بۆیان پاشەكەوت دەكرێت، دوای چارەسەركردنی قەیرانی دارایی مووچەیان بۆ خەرجدەكرێت”.