جێگری لیوای 3 ووردەکاری شەڕەكەی شەوی ڕابردووی سنووری خانەقین ڕادەگەێنێت
پەیامی کورد ... جێگری لیوای 3 ووردەکاری شەڕەكەی شەوی ڕابردووی سنووری خانەقین ڕادەگەێنێت
فەرماندەیەكی هێزی پێشمەرگە لە سنووری خانەقین دەڵێ، مەبەستی هێرشەكانی سەر هێزی پێشمەرگە لەلایەن داعشەوە، بۆ ئەوەیە ناوچەكە چۆڵ بكەن، ئەگەر نا دەورووبەریان هەمووی حەشدی شەعبییە و هێرشی سەریان ناكەن، بۆیە دەیانەوێت فشار لەسەر كورد درووست بكەن، چوونكە ئێستا 80%ی ناوچەكە لە كورد چۆڵ كراوە و ئەگەر پێشمەرگە نەبێت، كوردانی ناوچەكە بە تەواوی ناوچەكە چۆڵ دەكەن.
عەقید جەمهوور ڕۆستەم، جێگری لیوای 3ی پیادە لە سنووری خانەقین ، باسی ووردەكاری شەڕەكەی شەوی ڕابردووی سنووری خانەقین دەكات و دەڵێ، شەوی ڕابردوو کاتژمێر 10ی شەو كۆمەڵێك چەكداری داعش لە گوڵەجۆ هەوڵیان دا دەستێك بوەشێنن و نەیانتوانی، بۆیە چوونە سەر بارەگایەكی لیوای پێنج و بە هاوەن و بیكەیسی هێرشیان كرد، بەو هۆیەشەوە بەداخەوە دوو پێشمەرگە شەهید بوون و دووی دیكەش بریندار بوون".
ناوبراو گوتیشی: "ئێمەی كورد لە سنوورێكین هەموویان دوژمنمانن و چواردەوری ئێمە حەشدی شەعبین و داعش لە ئەوان نادات و لە ئێمە دەدەن، بەردەوامیش فشار لەسەر كورد دەكەن و رەنگە لەناو ئەوانیش داعش هەبێت و ئەوكارە بكەن، كە مەبەستیشیان ئەوەیە پێشمەرگە لە ناوچەكە نەمێنێت و ئەگەر پێشمەرگەش لەوێ نەمێنێت، ئەوكات كوردەكان ناوچەكە چۆڵ دەكەن، لە ئێستاشدا كورد 80%ـی ناوچەكەی چۆڵ كردووە".
دەشڵێ: "حكوومەتی عێراق هەڵوێستی نییە، بۆیە ئەگەر راست دەكەن و هەماهەنگی لە نێوان ئێمە و ئەواندا هەبێت، ئەوكات كەس ناتوانێ زەفەر بە ناوچەكە ببات و گورز لە پێشمەرگە بوەشێنێت، بۆیە هەموو فشارەكە لەسەر كوردە و حكوومەتی عێراقیش رێككەوتنەكانی لەگەڵ پێشمەرگە جێبەجێ ناكات و ئامادە نین خاڵی هاوبەش دروست بكرێت و ئۆپراسیۆن ئەنجام بدرێت".