حکومەتی هەرێمی کوردستان: بڕیاری دادگەی فیدراڵیی عيراق لەبارەی نەوت و غاز نادادپەروەرانەیە
پەیامی کورد... حکومەتی هەرێمی کوردستان: بڕیاری دادگەی فیدراڵیی عيراق لەبارەی نەوت و غاز نادادپەروەرانەیە
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوه و بڕیاری دادگای فیدراڵیی عیراقی لەبارەی نەوت و غازی هەرێمی کوردستان، به "نادەستووری و نادادپەروەرانە" ناوبرد.
ئهمڕۆ چوارشەممە 23 ی شوباتی 2022 ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران کۆبووەوە.
لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆی دەربارەی بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵیی عیراق لە رۆژی 15ی شوباتی 2022 کرد، تایبەت بە کەرتی نەوت و غاز لە هەرێمی کوردستان، لە راگەیهندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە: "دوای گفتوگۆی چڕ و هەمەلایەنەی بڕیارەکە، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵیی عیراق سەبارەت بە نەوت و غازی هەرێمی کوردستان، بە نادەستووری و نادادپەروەرانە دادەنێت".
حکومەتی هەرێم جەختی لەوە کردووەتەوە: "هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ پارێزگاریکردن و داکۆکیکردن لە ماف و دەسەڵاتە دەستوورییەکانی خۆی، ھەروەک لە دەستووری عیراق جێگیر کراون کە زۆرینەی خەڵکی عیراق لە ساڵی 2005 دەنگیان بەو دەستوورە دا، لە هەمان کاتدا حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی دووپاتدەکاتەوە بۆ بەردەوامبوون لە کارکردنی هاوبەش لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر چۆنێتیی چارەسەرکردنی ئەم بابەتە".
لە کۆبوونەوەکەدا مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کورتەیەکی دەربارەی سەردانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی بۆ وڵاتی قەتەر و بەشداریکردن لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن خستەڕوو. سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە، "لە هەموو دیدارەکانماندا، هەڵوێستی هەرێمی کوردستانمان دەربارەی هەموو بابەتە پەیوەندیدارەکان روونکردەوە و جەختمان لەوە کردەوە، کە هەرێمی کوردستان فاکتەرێکی گرنگی ئاسایش و سەقامگیرییە لە ناوچەکەدا".
ف