حکومەتی ھەرێم (١٠) ملیار دینار دەداتە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان
حکومەتی ھەرێمی کوردستان بڕی (١٠) ملیار دیناری خستەسەر ژمارە حیسابی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی لەھەرێم و وتەبێژی کۆمسیۆنەکەش ئاشکرایکردووە، کە ھەفتەی داھاتوو بڕیار دەدرێت لەسەر وادەی تۆماری قەوارە سیاسییەکان و بانگەشەی ھەڵبژاردنی پەرلەمان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە (١٧)ی ئایار، شیروان زرار وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی لەھەرێمی کوردستان، رایگەیاند، کە ھەفتەی رابردوو نووسراوەکەی سەرۆکایەتی حکومەتی ھەرێم تایبەت بە دیاریکردنی وادەی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان گەیشتە کۆمسیۆن و ھەر ھەفتەی رابردووش بڕی (١٠) ملیار دینار وەکو قیستی یەکەمی خەرجی بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە خرایەسەر ژمارە حیسابی کۆمسیۆن.
ئاشکراشیکرد، کە "کۆمسیۆن بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان داوای بڕی (٢٣) ملیار دیناری لەحکومەتی ھەرێم کردوەو بڕیارە لەداھاتوودا قیستی دووەم و سێیەمی پارەکە بدرێت".
وتەبێژی کۆمسیۆن ئاماژەی بەوەشکردووە، کە بڕیارە (٢٠)ی ئەم مانگە لەلایەن ئەنجومەنی کۆمسیارانەوە بڕیار لەبارەی خشتەی کارەکانی کۆمسیۆن بدرێت کە تایبەت بە(وادەی تۆمارکردنی قەوارە سیاسییەکان، بانگەشەی ھەڵبژاردن) و ژمارەیەک تەوەری دیکە.