٢ هاووڵاتی کوردی ڕۆژهەڵات حوکمی ١١ ساڵ بەند کردنیان بە سەردا سەپێندرا
بەپێی هەواڵ و زانیارییەکان ، ڕۆژی چوارشەممەی حەفتەی ڕابردوو " ١ی ئاگۆستی ٢٠١٨ " ، دانیشتنی دادگایی دوو هاووڵاتی کورد لە بەندیخانەی شاری ئورمیە بەڕێوە چوو و هەر دوو ئەم بەندکراوە لە سەریەک بە ١١ ساڵ بەندکردن، حوکم دران.
بە پێی ئەو حوکمە کە لەلایەن لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئورمیەوە سەپێندراوە، واحید بێبەهانی کوڕی مستەفا و خەڵکی پیرانشار حوکمی ٦ ساڵ بەندکردن و دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی قەزوێن و حەسەن گەڵوانی کوڕێ ئەحمەد و خەڵکی نەغەدە، حوکمی ٥ ساڵ بەندکردن و دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی ئەردەبیلیان بۆ بڕاوەتەوە.
ئەو حوکمە لەلایەن دادوەر عەلی شێخلوو و بە تۆمەتی هاوکاری یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ئێران بەسەر ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە دا سەپێندراوە.
واحید و حەسەن ١٤ی بانەمەڕێ ئەمساڵ دەستبەسەر و دوای دوو مانگ ڕاگیران لە دەزگای ئێستێخبارات دواتر بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری ئورمیە گوازرانەوە.
حەسەن گەڵوانی ئێستا لە بەندی ٣ و ٤ی بەندیخانەی ئورمیە و واحدیش لە بەندی ١٤ی ئەو بەندیخانەیە ڕاگیراوە.