TR KU SO
FB X
Kurdistan

هەورە برووسكە زیان بەچەند ناوچەیەك دەگەیەنێت

Navas Jan
Admin
📅 23 Mayıs 2021 12:55

 پەیامی کورد … هەورە برووسكە زیان بەچەند ناوچەیەك دەگەیەنێت

 

بەهۆی هەورە برووسكەوە، ئاگر لە ١٠ شوێنی سنووری پارێزگای هەڵەبجە كەوتەوە، لە گەرمیانیش بەهۆی هەورە بروسكەوە ژمارەیەك ئاژەڵ مرداربوونەوەو شوانێكیش برینداربوو.

 

ئێوارەی دوێنێ‌ هەورە برووسكە بەشێكی ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستانی گرتەوەو هەورە بروسكەكان زیانیان بە شارۆچكەی هەڵەبجەو ئیدارەی گەرمیان گەیاندووە.

 

بەهۆی بوونی ڕەشەبایەكی بەهێزو هەورە بروسكەوە لەچەندین شوێنی پارێزگای هەڵەبجە ئاگر كەوتەوە، نەقیب زانیار عومەر، وتەبێژی بەرگری شارستانی هەڵەبجە رایگەیاند، بەهۆی هەورە بروسكەوە ئاگر لە چەندین شوێنی دارستان و پوش و پاوان و كشتوكاڵی پارێزگای هەڵەبجە كەوتۆتەوە كە سەرجەمیان ١٠ئاگر بوونە.

 

وتیشی: سێ ئاگر لە گوندەكانی وشكەناو، یاڵانپێ و ملەی دارێی نەوڕۆڵی كۆنتڕۆڵنەكراون ئەوەش بەهۆی بوونی مین و ڕەشەباوە بووە.

 

وتەبێژی بەرگری شارستانی هەڵەبجە بۆ رۆژنیوز ڕاشیگەیاند، سەرجەم تیمەكان خەریكی كۆنتڕۆڵكردنی ئەو سێ ئاگرەبوون، سەبارەت بەزیانەكانی ئاگرەكەش وتی: نازانین چەند دۆنم گەنم و پوش و پاوان سوتاون، بەڵام زیانێكی زۆر بەر گەنمی جوتیاران كەوتووە.

 

لەلایەكی دیكەوە و هەر بەهۆی هەورە بروسكەوە، لەگوندی زەردە لیكاوی سەر بەشارەدێی شێخ تەویڵی سەر بەشارۆچكەی كەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، هەورە بروسكە لە ڕانە مەڕێكیداو لەئەنجامدا ژمارەیەك ئاژەڵ مرداربوونەوەو شوانێكیش برینداربوو.

Paylas: