TR KU SO
FB X
Kurdistan

هەر کارگەیەک مووڵەتی ناوخۆی هەرێــمی کوردستانی هەبێت دەتوانێ لە هەموو عێراق کار بکات

سارا
Yazar
📅 02 Mayıs 2019 15:27

پەیامی کورد  ...    بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتی بازرگانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان گوتی، كێشەی ئەو كارگانەی لە ھەرێمی كوردستان مۆڵەتیان ھەبوو و مۆڵەتی بەغدایان نەبوو، لەگەڵ بەغدا چارەسەر كراوە، بۆیە ھەر كارگەیەك مۆڵەتی ھەرێمی ھەبێت، دەتوانێ لە ھەموو عێراقدا كار بكات.

نەوزاد ئەدھەم،  ڕاگەیاند: "پرسی كارگەكانی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا یەكلا كرایەوە و بەپێی ھەمان یاسای ساڵی ١٩٩٨ كاری پێ دەكرێت و ھەر كارگەیەك ھەر كەلوپەلێكی ھەیە، بۆ نموونە زەیت یاخود چیمەنتۆ یانیش شیشە و ھەر پێداویستییەكی دیكە، كە لێرە زیادە و سەرف نابێت، دەتوانێت رەوانەی پارێزگاكانی دیكەی عێراقی بكات و ئەوانیش رێگریی لێ ناكەن مادام مۆڵەتیان لە ھەرێمی كوردستان ھەیە".

ئەدھەم گوتیشی: "لە ھەرێمی كوردستان ٢١ھەزار كارگە تۆمار كراون و ئەوانەی بە كرداری كاریش دەكەن، ژمارەیان ٥ھەزار كارگەیە و ئەوانەی دیكەش لەبەر ئەوەی ئەو پێداویستییانەی بەرھەمی دەھێنن، لە دەرەوە دێت، خۆیان بەو كارەوە سەرقاڵ كردووە، بەڵام كێشەكەیان چارەسەر بووە و ئەگەر تەنھا مۆڵەتیان لە ھەرێم ھەبێت و لە بەغداش نەیانبێت، دەتوانن لە ھەموو عێراق كار بكەن".

ئەمەش لە كاتێكدایە، بەغدا پێشتر بڕیاری دابوو ئەو كارگانەی ھەرێمی كوردستان كە مۆڵەتی بەغدایان نییە، ناتوانن كەلوپەلەكانیان بۆ عێراق بگوازنەوە و پێویستە مۆڵەتی ئەوێیان ھەبێت، بەڵام لە رێگەی گفتوگۆی ھەردوو حكوومەتەوە، ئەو كێشەیە ئێستا چارەسەر كراوە.

Paylas: