هەڵگرتنی قەدەغە قۆناغ بە قۆناغ دەبێت
پەیامی کورد ... لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەنجامی پشكنینەكان دڵخۆشكەر بوون لەوەی ڤیرووسی كۆرۆنا خەریكە لە ھەرێمی كوردستان كۆتاییی دێت، ووتەبێژی وەزارەتی تەندرووستیش گوتی، ھەرچەندە هەرێمی کوردستان لە سەركەوتن بەسەر كۆرۆنادا نزیكە، بەڵام قەدەغەی ھاتوچۆ بە ئاسانكارییەوە بەردەوام دەبێت.
دكتۆر محەمەد قادر، ووتەبێژی وەزارەتی تەندرووستی، ڕایگەیاند: "داتاكانی سێ ڕۆژی ڕابردووی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ھەرێمی كوردستان بۆ ئێمە وەك وەزارەت دڵخۆشكەرن، بەڵام تا یەك حاڵەت مابێت لە كوردستان، ناتوانین سەركەوتنی كۆتایی بەسەر كۆرۆنادا ڕابگەیەنین، چوونكە دەمانەوێ دڵنیا بین لەوەی كۆرۆنا كۆتایی ھاتووە و مەترسی لەسەر ھاووڵاتیان نییە".
ووتەبێژی وەزارەتی تەندرووستی دەڵێت: "قەدەغەی ھاتوچۆ لە دوای ١٦ی نیسانیش بەردەوام دەبێت، بەڵام بە ھەماھەنگی لەگەڵ ژووری ئۆپراسیۆنی پارێزگاكان قۆناغ بە قۆناغ كەم دەكرێتەوە و بە یەكجاری ھەڵناگیرێت، بەتایبەتی شوێنە قەرەباڵغەكان ئێستا ناكرێنەوە".
د. محەمەد قادر ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "پێویستە پابەندبوون بە ڕێنماییەكانی خۆپارێزی بەردەوام بێت و، ھاووڵاتیانیش دوور بكەونەوە لە ھەر بەریەككەوتنێكی ڕاستەوخۆ، تا مەترسی لەسەر ژیانیان نەبێت".