هێزەكانی پێشمەرگە یەك دەخرێنەوە
پەیامی کورد ... بەرپرسی یەكەی هەشتای پێشمەرگە رایگەیاند، هەوڵ دەدەن بە شێوازێكی مۆدرێرن هێزەكانیان یەك بخەنەوە، هاوكات هەوڵیش دەدەن لەگەڵ سوپای عێراقدا بگەنە رێككەوتن تا پێكەوە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بپارێزن. جەختیشی لەوە كردەوە، كە سوپا بە تەنیا ناتوانێ ئەو ناوچانە بپارێزێت.
لە میانەی دەرچوونی خولێكی سێ مانگی بۆ ٧٩١ پێشمەرگەی یەكەی هەشتا لە سۆران، نەجات عەلی، لە مەراسیمی تەواوبوونی خولێكی مەشقپێكردنی پێشمەرگەكانیدا رایگەیاند : كە هەوڵەكانیان بۆ بەرجەستەكردنی سەربازییە لەسەر بنەمای نیشتیمانپەروەری و بەرزكردنەوەی تواناكانیان لە بەرانبەر هەر مەترسییەك كە لەسەر هەرێمی كوردستان هەبێت، جەختیشی لەوە كردەوە، هێزی پێشمەرگە لە رابردووشدا سەلماندوویەتی، كە دەتوانێ هەرێمی كوردستان لە ئاست مەترسییەكاندا و لە بەرانبەر تیرۆریستانی داعشدا بپارێزێ، هاوكات پێشمەرگەشی بە سیمبولی پێكەوەژیان و ئاشتی وێنا كرد.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا، لە لایەك بارودۆخی ناوچەكە لە بەردەم پێشهات و گۆڕانكاریدایە و هەستی پێدەكرێ، لە لایەكی دیكەیش داعش لە هەوڵی یەكخستنەوەی خۆیانن و رۆژانەش كردەوە تیرۆریستییەكانیان لە زیادبووندایە، بۆیە پێویستیان بە هێزێكی رێكخراوی مەشقپێكراو هەیە، تا بتوانن رووبەڕووی مەترسییەكان ببینەوە.
گوتیشی: "بەهیواین بە زووترین كات لەگەڵ سوپای عێراق بگهینهرێككەوتنێك، تا ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم پێكەوە بپارێزین، راستییەكانیش ئەوەیان دەرخستووە، كە سوپا بە بێ پێشمەرگە ناتوانێ پارێزگاری لەو ناوچانە بكات".
هاوكات سوپاسی هاوپەیمانانیشی كرد، لە بەرامبەر هاوكارییەكانیان بۆ هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لە كاتی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش، جەختیشی لەوە كردەوە، كە ئەو رێكخراوە تیرۆریستییە تەنیا مەترسی لەسەر هەرێم نییە، بەڵكو مەترسییەكی گەورەشە بۆ هەموو جیهان، هەربۆیەشە نەجات عەلی داوای لە هاوپەیمانان كرد، كە لە هاوكارییەكانیان بۆ سەرجەم هێزەكانی پێشمەرگە و بە تایبەتیش هێزەكانی ٨٠ بەردەوام بن.
بەرپرسی یەكەی هەشتای پێشمەرگە روونی كردەوە، كە ئێستا هێزەكانیان رێكخراوترن و دەتوانن ئەركەكانیان باشتر جێبەجێ بكەن، هەوڵیش دەدەن كە خولی دیكە بۆ ئەفسەر و فەرماندەكانیان بكەنەوە، كە سوود لە میكانیزم و سیستمی نوێی سەربازی وەربگرن.