سەرۆك بارزانی: ئیرادەی ژیانی سەربەرزانە و ئازادیخوازی هەمیشە لە ناخی مرۆڤی کوردستانیدا ههبووه و دهشمێنێ
سەرۆك مەسعود بارزانی، لە ساڵوەگەڕی ڕاپەڕینی گەلی كوردستاندا، پەیامێكی بڵاو كردەوە و ڕایدەگەیەنێت: "پێویستە دەستكەوت و ئامانج و بەهاكانی ڕاپەڕین بە بەرزی بمێننەوە و بپارێزرێن و بەهێزتر بكرێن، نابێ لە هیچ دۆخ و لەژێر هیچ گوشارێكدا لەیاد بكرێن و بشێوێندرێن."
ئەمڕۆ سێشەممە 5/3/2024، سەرۆك بارزانی، لە ساڵوەگەڕی ڕاپەڕینی گەلی كوردستاندا، پەیامێكی بڵاو كردەوە و ڕاگەیاندووە: "بە بۆنەی 33یەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی گەلی كوردستاندا، پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و هەموو نیشتمانپەروەر و تێكۆشەر و ئازادیخوازان و سەرجەم خەڵكی كوردستان دەكەم."
سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەش داوە: "ڕاپەڕین درێژكراوەی خەباتی دەیان ساڵە و بەرهەمی خۆڕاگری و ماندووبوون و خوێنی جەماوەر و هێزە خەباتگێڕەكانی كوردستان بوو، بووە دەستپێكێكی تازە و ئومێدێكی نوێ لە ژیانی گەلەكەماندا، خرۆشانی خەڵک دژی دامودەزگەی ستەمکار و داگیرکار پەیامێکی زۆر ڕوون بوو کە سەرباری بەهێزیی داگیركاران، ئیرادەی ژیانی سەربەرزانە و ئازادیخوازی هەمیشە لە ناخی مرۆڤی کوردستانیدا ههبووه و دهشمێنێ."
هەر لە پەیامەكەیدا سەرۆك بارزانی دەشڵێت: "دەستكەوتەكانی ڕاپەڕین موڵكی گەلی كوردستان و نەوەكانی داهاتوون، لە یادی ڕاپەڕینەكەی گەلی كوردستاندا جەخت لەوە دەكەینەوە كە پێویستە دەستكەوت و ئامانج و بەهاكانی ڕاپەڕین بە بەرزی بمێننەوە و بپارێزرێن و بەهێزتر بكرێن، نابێ لە هیچ دۆخ و لەژێر هیچ گوشارێكدا لەیاد بكرێن و بشێوێندرێن، سڵاو لە گیانی پاكی شەهیدانی ڕاپەڕین و تێكڕای شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاریی كوردستان."