حكوومەتی هەرێم پاڵپشتی لە هەڵوێستی نەتەوەیەكگرتووەكان و هیومان رایتس وۆچ دەكات
پەیامی کورد ... رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە روونكردنەوەیەكدا لەسەر دوو راپۆرتی نەتەوەیەكگرتووەكان و هیومان رایتس وۆچ رایگەیاند، پێویستە بەر لە گەڕانەوەی ئاوارەكان، زەمینەیەكی لەبار لە ڕووی ئەمنی و خزمەتگوزارییەوە بڕەخسێنرێت.
بەم دواییانە بابەتی گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچەكانی خۆیان پاش رزگاركردنی ناوچەكانیان لە دەستی داعش، بووەتە مژاری سەرەكی زۆرینەی رێكخراو و لایەنە نێودەوڵەتییەكان، لەوانە هەردوو رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان و هیومان رایتس وۆچ لە رێكەوتی ٢و٤ی ئەیلوولی ٢٠١٩ لە دوو راپۆرتی جیادا باس لەوە دەكەن، كە هەوڵێك هەیە بۆ بەزۆر گەڕاندنەوەی ئاوارەكان لە هەندێك كەمپەكان بە تایبەتی لە پارێزگاكانی ئەنبار، كەركووك، سەڵاحەدین و نەینەوا.
سەبارەت بە گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچەكانی خۆیان پاش رزگاركردنیان لە دەستی داعش، د. دیندار زێباری، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێم گوتی: "حكوومەتی هەرێم لەگەڵ ئەوەدایە هەموو ئاسانكارییەك پێشكەش بكرێت بە مەبەستی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەكان، بەڵام دانیشتووانی بەشێك لەو ناوچانە بە هۆی ناسەقامگیریی بارودۆخی ئەمنی و بوونی مینی چێندراو لەو ناوچانە، ئەستەمە بتوانن بە ئاسوودەیی بگەڕێنەوە، بۆیە سەرەتا پێویستە ئەو ناوچانە لەو مینە چێندراوانە پاك بكرێنەوە و سەرەتاییترین خزمەتگوزارییەكانیان لە ئاوی پاك، فریاكەوتنی سەرەتایی، خوێندن و كارەبایان بۆ دابین بكرێت، پاشان بگەڕێنەوە. لە لایەكی دیكەشەوە ژمارەیەكی زۆر شانەی نوستووی داعش لەو ناوچانە بوونیان هەیە و مەترسییان بۆ رەوشی ئەمنی و سەقامگیری ناوچەكە دروست كردووە، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا نەبوونی هیچ سەرچاوەیەكی داهات بۆ ژیانكردن، یەكێك لە سەرەكیترین رێگرییەكانە لە بەردەم گەڕانەوەی خەڵك بۆ ناوچەكانیان".
زێباری راشیگەیاند: "رێنماییەكانی وەزارەتی ناوخۆ لە حكوومەتی هەرێم بە پاڵپشتیی ئاژانسە نێودەڵەتییەكان بە تایبەتی ئەو ڕێكخراوانەی كە لە كەمپەكان بوونیان هەیە، یارمەتیدەر بوونە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچەكانی خۆیان بە بێ جیاوازیی ئایین و نەتەوە و بە ئارەزوومەندانە. بڕیاری گەڕانەوە یاخود نەگەڕانەوەش، دەكەوێتە ئەستۆی خودی ئاوارەكان و دواتر دامودەزگا پەیوەندیدارەكان كارئاسانیان بۆ دەكەن، بە تایبەت ئەگەر دڵنیا بوونەوە لەوەی كە هیچ هەڕەشە و مەترسییەك بۆ سەر ژیانیان بوونی نییە".
لە كۆتایی قسەكانیدا، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان ئاماژەی دا: "حكوومەتی هەرێمی كوردستان پاڵپشتی لە هەڵوێستی نەتەوەیەكگرتووەكان و هیومان رایتس وۆچ دەكات لەوەی كە پێویستە بارودۆخی ئەمنیی ئەو ناوچانە جێگیر و سەقامگیر بێت و زەمینەیەكی لەبار بڕەخسێنرێت پێش گەڕانەوەی ئاوارەكان، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە هەماهەنگییەكی كارا هەبێت لە نێوان حكوومەتی هەرێم و پارێزگاكان و پێكەوە لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵ لە رووی هاوبەشی لە زانیاری و ستراتیژیەتی نوێ بۆ پێشخستنی گیانی پێكەوەژیان لە نێوان پێكهاتەكانی ئەم ناوچانە و دابینكردنی خزمەتگوزاریی پێویست".