حوسێن قائیدی: تا ئێستا زیاتر لە سێ هەزار و ٥٠٠ کوردی ئێزدی ڕزگارکراون
پەیامی کورد... حوسێن قائیدی: تا ئێستا زیاتر لە سێ هەزار و ٥٠٠ کوردی ئێزدی ڕزگارکراون
بەرپرسێکی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، لە سەرەتای داگیرکردنی شنگالەوە، زیاتر لە شەش هەزار هاووڵاتی سڤیلی ئێزدی کەوتوونەتە دەست "تیرۆریستانی داعش" و ڕفێنراون.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٣ی ئابی ٢٠٢٢ حوسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی ڕزگارکردنی کوردانی ئێزدی لە دەستی داعش کە سەر بە نووسینگەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاندووە: "لە کاتی هێرشی داعشەوە بۆ سەر شنگال و ناوچەکانی دیکە شەش هەزار و ٤١٧ هاووڵاتی سڤیلی کوردی ئێزدی کەوتوونەتە دەست تیرۆریستانی داعشەوە و ڕفێنراون.
ئاماژە بەوەش دەکات، "دوای دامەزراندنی نووسینگەی ڕفێنراون تا ئێستا توانیومانە لەو ژمارەیە سێ هەزار و ٥٥٤ کەسیان ڕزگار بکەین، ئەوانی دیکەش هێشتا ماون و ڕزگار نەکراون، ئەمەش یەکێکە لەو کارەساتە گەورانەی بەسەر گەلی کوردا هاتووە لە مێژوودا".
ئاشکراشیکردووە، "بەپێی بەداواچوونی ئێمە ئەو ڕفێندراوانەی ماون و ڕزگار نەکراون بەشێکیان لە مووسڵ و دەوروبەرین، بەشێکی دیکەش لە ڕۆژئاوای کوردستان و ناو کەمپی هۆڵ ماون و هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم هەر بەردەوام دەبێت بۆ ڕزگارکردنیان".
هەشت ساڵ لەمەوبەر و لە ڕۆژی ٣ی ئابی ساڵی ٢٠١٤ چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر شنگال و ناوچەکانی دەوروبەری، لە ئەنجامی هێرشەکەدا هەزاران هاووڵاتی سڤیلی کوردی ئێزدی کەوتنە دەست داعش و دەیان هەزاری دیکەش ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون.