TR KU SO
FB X
Kurdistan

حزبەكان پشتیوانی خۆیان بۆ سەرۆكی حكوومەت دووپات دەكەنەوە

سارا
Yazar
📅 08 Aralık 2019 17:22

پەیامی کورد    ...    سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە ووتارێكیدا بە بۆنەی 100 ڕۆژی كاركردنی حكوومەتی هەرێم، رایگەیاند: "حكوومەتی هەرێم هی هەموو هاووڵاتیانە، بە تەنیا هی تاكەكەسێك و یان چەند حیزبێك نییە، بۆیە چاوەڕوانین هەموو لایەنە سیاسییەكانی هەرێم لە بەهێزكردنی ئەم حكوومەتەدا پاڵپشتمان بن". حزبە سیاسییەكانی كوردستانیش، پشتیوانی خۆیان بۆ سەرۆكی حكوومەت دووپات دەكەنەوە.

نەسرەدین مەحموود، ئەندامی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، ڕایگەیاند: "ئێمە وەك بزووتنەوەی گۆڕان بەشدارین لە حكوومەتدا و، دەبێ هەموومان پاڵپشتی بین و هەوڵ بدەین ئەو كەموكوڕییەی لە ڕابردوودا هەبووبێت، نەهێڵدرێت".

ناوبراو گوتیشی: "بزووتنەوەی گۆڕان بە مەرجی چاكسازی بەشداری لە كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمدا كرد، بۆیە لە ڕێگەی فڕاكسیۆنەكەمان لە پەرلەمانی كوردستان و وەك حزبیش، پشتیوانیی پڕۆژەی چاكسازی دەكەین و بە كردەیی كار بۆ ئەوە دەكەین ئەو پڕۆژەیە جێبەجێ بكرێت".

ئەندامەكەی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان زیاتر دەڵێ: "زۆر گرینگ بوو سەرۆكوەزیران ئەنجامی 100 ڕۆژی یەكەمی كارەكانی حكوومەتی ڕاگەیاند، دەشكرێت 6 مانگ جارێك گوتارێك لەسەر بەرنامە و كارەكانی حكوومەت بدات، تاوەكو بۆ خەڵك ڕوون بێت حكوومەت ئەو كارانەی كردووە و بەرنامەی كاری داهاتووشی چییە".

"ڕەوشێكی ناسەقامگیر بە هۆی پەلامارەكانی داعش بەرۆكی سنووری گەرمیانی گرتووەتەوە، پێویستە حكوومەتی هەرێم پلان و بەرنامەی بۆ ئەو ناوچەیەش هەبێت". نەسرەدین مەحموود وای گوت.

هەر لەو بارەیەوە، دیاری حسێن ، ئەندامی سەركردایەتی پارتی، ڕایگەیاند: "حكوومەتی هەرێم 100 ڕۆژی پڕبەرهەم و دەستكەوتنی بەڕێ كردووە، بە هیوای ئەوەی كارە باشەكانی بەردەوام بێت، وەك پارتی لە بانگەشەی هەڵبژاردنیشدا ڕامانگەیاندبوو كە كار بۆ كوردستانێكی بەهێز دەكەین،  هەموو پشتیوانییەكی سەرۆكی حكوومەت دەكەین بۆ ئەوەی گەندەڵی بنەبڕ بكرێت و هەرێمی كوردستان باشتر ببووژێتەوە".

حسێن گوتیشی:" هەموو هەوڵی خۆمان دەخەینە گەڕ بۆ ئەوەی كەشێكی سیاسی ئارام بۆ كوردستان فەراهەم بكەین، تاوەكو حكوومەت بتوانێت زۆر بە باشی هەنگاوەكانی بنێت بۆ جێبەجێكردنی بەرنامەكەی، هەروەها لەسەر حزبەكانیش پێویستە كەشێكی وا بخوڵقێنین حكوومەت بتوانێت كارەكانی خۆی بە رێكوپێكی بكات".

ناوبراو زیاتر روونی كردەوە: "ئێمە وەك پارتی پشتیوانی لە مەسروور بارزانی دەكەین و هاوكار و كارئاسانیی بۆ دەكەین بۆ بنەبڕكردنی گەندەڵی و شەفافی لە داهاتی ووڵات و ئاشكراكردنی بۆ ڕای گشتی، بێگومان كوردستانیش بووژانەوەی زیاتر بە خۆیەوە دەبینێت".

Paylas: