TR KU SO
FB X
Kurdistan

حزبە رۆژهه‌ڵات: ئامادەکاریمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر هێرشێک کردووە گەر ئێران بیکاتە سەرمان

Navas Jan
Admin
📅 01 Ağustos 2023 14:43

پەیامی کورد... حزبە رۆژهه‌ڵات: ئامادەکاریمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر هێرشێک کردووە گەر ئێران بیکاتە سەرمان


فەرماندەیەکی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران رایگەیاند، سەرجەم حزبە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران چەک دانان بە "هێڵی سور" دەزانن وەک ئەوەی ئێران داوایدەکات، خۆشیان ئامادەکردووە بۆ پارێزگاری کردن لە خۆیان لە حاڵەتی هێرشکردنە سەریان لە مانگی نۆی ئەمساڵدا لەلایەن ئێرانەوە.

ئەمجەد پەناهی، کە یەکێکە لە فەرماندەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند: "سەرجەم حزبەکان چەک دانان رەتدەکەینەوە. ئێمە چەکمان بۆ پاراستنی خۆمان هەڵگرتووە نەک شەڕکردن و بیانوودانە دەست ئێران بۆ هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان".

رۆژی 11ی ته‌مموزی 2023 محەمەد باقری، سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران، هەڕەشەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی توندتری لە جارانکرد لە دژی حزبە کوردییەکان، گەر تا مانگی 9ی ئەمساڵ ئەو حزبانە لەلایەن عێراق و هەرێمەوە چەک نەکرێن.

ئەمجەد پەناهی وتی: "ئامادەکاریمان بۆ هەر هێرشێکی ئێران کردووە بیکاتە سەرمان. گەر ئێران بیەوێ هێزی زەمینیش بەکاربهێنێت مافی وەڵامدانەوەمان هەیە و بێدەنگ نابین. داوا لە خەڵکی هەرێمیش دەکەین بێدەنگ نەبن، چونکە ئێمە کراوینەتە بیانوو. گەر ئێمەش هەرێم جێبهێڵین، ئێران و تورکیا بیانووی تر دەدۆزنەوە بۆ هێرشکردنە سەر هەرێم".

نازم دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران، لە گفتووگۆیەکدا کە رۆژی 13ی ته‌مموزی 2023 دەنگی ئەمریکا لەگەڵیدا ئەنجامیداوە دەڵێت، ئێران داوای چەککردن و دەرکردنی حزبە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکان دەکات هاوشێوەی موجاهدینی خەڵق، لە کاتێکدا حکومەتی هەرێم لەگەڵ سنووردارکردنی چالاکییەکانیاندایە.

نازم دەباغ وتی: "رەنگە ئێران لە مانگی ئەیلولدا بۆمبارانی حزبە کوردییەکان دەستپێبکاتەوە، ناردنی هێزی زەمینی دوا هەنگاوی ئەو وڵاتە دەبێت".

لە مانگی 9ی ساڵی 2022 ئێران چەند جارێک بارەگای حزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکەی لەدەوروبەری شاری هەولێر، کەرکوک و سلێمانی بۆمبارانکرد. بەو هۆیەوە ژمارەیەک پێشمەرگە گیانیان لەدەستدا و برینداربوون.

خەلیل نادری، وتەبێژی پارتی ئازادی کوردستان، بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند: "ئێران تاکلایەنە هەوڵ بۆ چەککردن و دەرکردنی ئێمە دەدات. ئێمە هەرێمیش جێبهێڵین، ئێران بیانووی تر دەدۆزێتەوە".

بەرپرسانی حزبە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە پەیوەندی راستەوخۆیان لەگەڵ حکومەتی عێراق دا نییە، لەلایەن هەرێمی کوردستانیشەوە ئاگادارنەکراونەتەوە چی هەنگاوێکیان بەرانبەر دەگیرێتەبەر.

محەمەد نەزیف قادری، ئەندامی سەرکردایەتی حزبی دیموکراتی کوردستان، بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند: "ئێران هەمیشە هەڕەشەی لە حزبە کوردییەکان کردووە، بەڵام ئێمە چۆک دانادەین و بەردەوام دەبین لە خەبات و تێکۆشان".

بەرپرسانی ئێران دەڵێن بۆ چەککردنی حزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکەیان رێککەوتنیان لەگەڵ حکومەتی عێراقدا هەیە، مانگی 9ی ئەمساڵیشیان وەک دوا وادە بۆ عێراق داناوە بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە و چەککردنی ئەو حزبانە.

Paylas: