TR KU SO
FB X
Kurdistan

كۆشكی سپی داوا ده‌كات له‌زوترین كاتدا هەناردەی نەوتی هه‌رێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە

Navas Jan
Admin
📅 23 Eylül 2023 13:34

پەیامی کورد... كۆشكی سپی داوا ده‌كات له‌زوترین كاتدا هەناردەی نەوتی هه‌رێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە


ئەمەریکا پێشوازی لە رێککەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق دەکات لەسەر پرسی بودجە و داوا دەکات هەرچی زووە هەناردەی نەوت لەڕێگەی بۆری نەوتی عێراق و تورکیا دەستپێبکاتەوە.

کۆشکی سپی بڵاویکردەوە، محەممەد شیاع سوودانی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق لە پەراوێزی کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ئەمه‌ریکا، لەگەڵ برێت مەکگۆرک رێکخەری کۆشکی سپی بۆ کاروباری باکووری ئەفریقا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئامۆس هۆچستن راوێژکاری باڵای سەرۆکی ئەمه‌ریکا بۆ وزە و وەبەرهێنان کۆبووەوە.

لە میانی کۆبوونەوەکە مەکگۆرک پێشوازی لە رێککەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق دەکات لەسەر پرسی بودجە و داوا دەکات هەرچی زووە هەناردەی نەوت لەڕێگەی بۆری نەوتی عێراق و تورکیا دەستپێبکاتەوە.
بۆهه‌مان مه‌به‌ست نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە لە کۆبوونەوەکەدا، پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا لە بوارە جۆراجۆرەکاندا تاوتوێ کراوە، بەشێوەیەک خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات بکات.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی لە میانی کۆبوونەوەکەدا ڕایگەیاندووە کە عێراق لەسەر بنەمای بەرژەوەنديی ھاوبەش، بەردەوامە لە پەیوەندییە ستراتیژییەکانی لەگەڵ ئەمریکا و ئاماژەی بەوەیشدا کە دەرگاکانی وەبەرھێنان لە پلانەکانی چاکسازی و دووبارە بنیادنانەوەی ژێرخانی عێراق بە ڕووی کۆمپانیا ئەمریکییەکاندا کرایەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا، ئەوەیش خراوەتەڕوو محەمەد شیاع سوودانی ھەروەھا ئاماژەی بەوەداوە کە لەئێستادا توانای ھێزە ئەمنییەکان زۆر پێشکەوتووە، بەو پێیەی سەرکەوتنی باشیان لە شەڕی دژبە تیرۆریستانی داعش بەدەستھێناوە و باسی لە سەردانەکەی شاندی عێراق کردووە کە لە ماوەکانی ڕابردوودا بە سەرۆکایەتی وەزیری بەرگریی عێراق بۆ واشنتۆن ئەنجامدرا و لە میانیدا، پەیوەندییەکانی عێراق و ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر تاوتوێ کرا.
 

Paylas: