یەكیـَتی شانازی بەوە دەكات سزا دراوە بە داخستنی گەشتە ئاسمانییەکانی سلێمانی لەلایەن توركیاوە
وتەبێژی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ناوەرۆكی كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی حزبەكەی ئاشكرا كرد كە ئەمڕۆ كۆبوونەوە.
سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی چەند تەوەرێكمان تاووتوێ كرد لەوانە بارودۆخی سیاسی لە هەرێمی كوردستان و پەیوەندیمان لەگەڵ عێراقدا.
ووتیشی “پێویستە لە كاتی هەڵمەتی هەڵبژاردن دوور بكەوینەوە لە بەكارهێنانی ووشەی زبر و پێویستە لایەنە سیاسییەكانیش كۆببنەوەو بیر لە چارەسەری كێشەكانیان بكەن”.
سەبارەت بە هەڵوێستی توركیا لەسەر نەكردنەوەی گەشتە ئاسمانییەكانی بۆ سلێمانی، ناوبراو ڕایگەیاند، یەكیـَتی شانازی بەوە دەكات سزا دەدرێت بە داخستنی گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ فڕۆكەخانەی سلێمانی لەلایەن توركیاوە، ئەویش بەهۆی هەڵوێستی نیشتمانی و دڵسۆزیمانە بۆ لایەنەكانی كوردستان.