لێبوردنی نێودەوڵەتی بەنیسبەت مەترسیی لەسێدارەدرانی ڕەزا ڕەسایی نیگەرانیی خۆی دەربڕی
پەیامی کورد... لێبوردنی نێودەوڵەتی بەنیسبەت مەترسیی لەسێدارەدرانی ڕەزا ڕەسایی نیگەرانیی خۆی دەربڕی
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، ڕۆژی سێشەممە، ٧ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣، بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک، وێرای هۆشداریدان سەبارەت بە زۆربوونەوەی مەترسیی لەسێدارەدرانی ڕەزا ڕەسایی، ڕایگەیاند: ڕەزا ڕەسایی، لە پێوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئێراندا، مەترسیی لەسێدارەدرانی لەسەرە."
ئەم ناوەندە نێونەتەوەیی ڕایگەیاند: ڕەزا ڕەسایی پاش دادگاییکرانێکی نادادپەروەرانە، بە کوشتنی بەئەنقەست تۆمەتبار کراوە و پاش وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر ئەشکەنجەدا، بە لەسێدارەدران مەحکووم کراوە.
ڕەزا ڕەسایی، هاووڵاتیی تەمەن ٣٤ ساڵی یارسان، خەڵکی شاری سەحنە سەر بە پارێزگای کرماشانە.
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، خەیروڵڵا حەقجوویان، چالاکی مەدەنیی یارسان، بە بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆیەک وەکوو کەفیلی ڕەزا ڕەسایی، وێڕای جەختکردنەوە لەسەر شکاندنی بێدەنگی لەمەڕ دەرکرانی حوکمی لەسێدارەدران دژی ئەم زیندانییە سیاسییە، ڕەخنەی لە دەنگی بەناحەقی دادوەر، دادڕەسیی نادادپەروەرانە دژی ڕەزا ڕەسایی و دەرکرانی حوکمگەلێک کە لای ناوەندە ئەمنییەتییەکان بووەتە باو، گرتووە.