لە یەک ڕۆژدا هێرشی کیمیایی کرایە سەر 27 قوتابخانە لە ئێران و کوردستاندا
پەیامی کورد... لە یەک ڕۆژدا هێرشی کیمیایی کرایە سەر 27 قوتابخانە لە ئێران و کوردستاندا
لە درێژەی هێرشی کیمیایی دەستوپێوەندییەکانی حکومەت بۆ سەر قوتابخانەکان، لە یەک ڕۆژدا هێرشی کیمیایی کرایە سەر لانیکەم 27 قوتابخانە لە شارەکانی کەرەج، ئیسفەهان، تەورێز، شاهینشار، بەندەرگەناوە، کامێران، شەهریار، شنۆ، ورمێ، برووجێرد، مەریوان، پارساوای موغان و کرماشان.
بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە 22ی خاکەلێوەی 1402ی هەتاوی، هێرشی کیمیایی کرایە سەر قوتابخانە کچانەکانی مەنووچێهر، ئەلنسار، ئالیاسین، تلووع، مەسعوود باقری و قوتابخانەی سەرەتایی کوڕانەی ئەمیرکەبیر لە شاهینشاری ئیسفەهان.
هەروەها لە شاری شنۆ، هێرشی کیمیایی کرایە سەر شەش قوتابخانەی خەدیجەی کوبرا، فەرزانەگان، مەلەکئەلنسا، شەرەف، پازدەی خورداد و سەیادیفەر و بەم هۆیەشەوە کۆمەڵێک قوتابی ژەهراوی کران.
هاوکات هێرشی کیمیایی کرایە سەر سێ قوتابخانەی کچانە بە ناوەکانی زەینەب، عەترت و حیجاب لە شاری گەناوە سەر بە پارێزگای بووشێهر.
ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان باس لەوە دەکەن کە هێرشی کیمیاییش کراوەتە سەر قوتابخانەی کچانەی مریەم و دانشپەژووهان و قوتابخانەی سەرەتایی شیما مورادی لە شاری کرماشان و لانیکەم 60 قوتابی ژەهراوی کراون کە دۆخی تەندروستیی دوو کەسیان ناجێگیر ڕاگەیەندراوە.
لە درێژەی ئەم هێرشانەدا دوو قوتابخانەی سەرەتایی فەهمیدە و قوتابخانەی کچانەی فاتمەی زارا لە شاری کامێران کراونەتە ئامانج و کۆمەڵێک قوتابی ژەهراوی کراون کە 12 کەسیان بە مەبەستی چارەسەریی پزیشکی بۆ نەخۆشخانەی سینا لەو شارە گواستراونەتەوە.
هەر لەو پەیوەندییەدا هێرشی کیمیایی کراوەتە سەر قوتابخانەی کچانەی کەماڵ دێهقانی لە شارۆچکەی ڕازیی کەرەج، قوتابخانەی بێعسەت لە شەهریاری تاران، قوتابخانەی کچانەی ئەحمەدییە لە بروجێرد، قوتابخانەکانی کچانەی دواناوەندیی وەلیعەسر لە ورمێ، قوتابخانەیەک لە پارساوا موغانی پارێزگای ئەردەبیل و قوتابخانەی 22ی بەهمەن لە مەریوان.
لە مەریوان پاش ئەوەی کە هێرشی کیمیایی کراوەتە سەر قوتابخانەی 22ی بەهمەن لەو شارە، بەڕێوەبەری قوتابخانەکە نەیهێشتووە قوتابییان بچنە دەرەوە و هەڕەشەی دەرکردنی لێ کردوون.