لە حەفتەدا دوو ڕۆژ بۆ ماوەی ٤ کاتژمێر هێڵەکانی ئینتەرنێت ڕادەگیرێت
پەیامی کورد... لە حەفتەدا دوو ڕۆژ بۆ ماوەی ٤ کاتژمێر هێڵەکانی ئینتەرنێت ڕادەگیرێت
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی کە ماوەی دوو هەفتە دەخایەنێت، ڕۆژانە, دوو شەممە و پێنج شەممان، بۆ ماوەی چوار سەعات ئینتەرنێت ڕادەگیرێت.
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن لە نووسراوێکدا بۆ کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت ڕایگەیاندووە، بەبۆنەی تاقیکردنەوەکانی ١٢ی ئامادەیی لە ڕۆژانی تاقیکردنەوە گشتییەکانی قۆناغی ئامادەیی بەپێی خشتەی دیاریکراو، بڕینی کاتی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت جێبەجێ دەکرێت لە سەعات ٦. ٣٠ خولەک تاوەکوو١٠. ٣٠ خولەکی بەیانی.
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەم بڕیارە لە پێناو نەهێشتنی دیاردەی گزی (غش) ی خوێندکارانە کە پاڵپشتی سەرەکیان بەکارهێنانی خزمەتگوزاری ئینتەرنێتە.
دەشڵێت، ڕاگرتنی کاتی هێڵەکانی ئینتەرنێت خزمەتێکی گەورەی کۆمەڵگە و پاراستنی مافی گشتی خوێندکاران و هەستکردنێکی گەورەی بەرپرسیارێتیە بەرامبەر بە حکومەتی هەرێم.