لە هەرێمی کوردستان ٢٠ هەزار حاڵەتی جیابوونەوە تۆمار کراوە
پەیامی کورد…
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی هەرێمی كوردستان، ئاماری دوو ساڵی گشت دادگاكانی هەر سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان، بە ئیدارەی گەرمیانیشەوە بڵاو كردوەوە، بەپێی ئەو ئامارەش لە دوو ساڵی رابردوو نزیكەی ٢٠ هەزار هاوسەر لێك جیابوونەتەوە.
دوێنی ٤ ئازاری ٢٠٢٢، ئەنجوومەنی دادوەری، ئاماری دوو ساڵی رابردووی گشت بەشەكانی دادگای بڵاو كردووەتەوە، لە زۆربەی ئامارەكان لە هەرسێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان، رێژەی جیابوونەوە بە رزبووەتەوە، لە ساڵی رابردووش زۆرترین رێژەی جیابوونەوە لە پارێزگای سلێمانی تۆمار كراوە، زۆرترین داوكاری هێنانی ژنی دووەم، لە هەولێر بووە، كە ٧٣ داواكاری رێپێدان بوو.
لەبارەی ئاماری تۆماركردنی داوای هاوسەرگیری و جیابوونەوە لە هەرێمی كوردستان، ئاماری مارە بڕین، لە ساڵی ٢٠٢٠ لە هەولێر ١٦ هەزار و ٨٠٣ داوا هەبووە، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢١، داواكاری تۆماری هاوسەرگیری، ١٨ هەزار و ٩٦٤ بووە، بە بەراورد ٢ هەزار و ١٦١ حالەت زیادی كردووە لە پارێزگای سلێمانیش، لە ساڵی ٢٠٢١، بە بەراود بە ساڵی پێشە خۆی، ٤ هەزار و ٢٨٥ داوا زیادی كردووە، دهۆكیش هەزار و ٦٩٦ زیادی كردووە، گەرمیانیش ٢٣٤ حاڵەت زیادی كردووە.
هەرچی لەبارەی جیابوونەوەیە، بەگشتی و لە گشت پارێزگاكان لە ساڵی ٢٠٢١، لەچاو ساڵی ٢٠٢٠ زیادی كردووە، لە هەولێر، لە ساڵی ٢٠٢٠دا ٣ هەزار و ٢٦١ جیابوونەوە تۆمار كراوە، بەڵام ٢٠٢١دا، ٤ هەزار و ٤٣ جیابووونەوە تۆمار كراوە، واتا ٧٨٢ حاڵەت زیادی كردووە، زۆترین رێژە لە سلێمانی بووە، هەزار و ٧٦٥ جیابوونەوە تۆمار كراوە، كەمترینیش تۆماركردنیش لە دهۆك بووە، كە تەنیا ٤٩٣ حاڵەت تۆمار كراوە.
هەرچی هۆكارەكانی جیابوونەوەیە لە شاری هەولێر، كە ٤ هەزار و ٤٢ حاڵەت تۆمار كراوە، بە گوێرەی ئامارەكە زۆرترین رێژە لەسەر نەگونجان بووە، هەزار ٢٥٢ حاڵەت بووە، كەمترین رێژە كە تۆمار كرا بێت، كە دوو حاڵەتە ئەویش هۆكاری ئایینی بووە، ٥٨٢ حاڵەتیش بەهۆی داوێنپیسی و ناپاكییەوە بووە، ٤٩٠ حاڵەتیش بەهۆی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندی و تەكنۆلۆژیای سەردەم بووە، ٢١٥ حاڵەتیش بەهۆی باری ئابوورییەوە تۆمار كراوە.