لە ماوەیەکی نزیکدا دانووستانێکی گرینگ لە نێوان کوردستان و ئەمریکا ئەنجام دەدرێت
پەیامی کورد ... لە ماوەیەکی نزیکدا دانووستانێکی گرینگ لە نێوان کوردستان و ئەمریکا ئەنجام دەدرێت
بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەێنێت : ھەرێمی كوردستان بەشێكی گرینگ دەبێت لە بەشداریكردن لە دانووستانەكانی نێوان ئەمریكا و عێراق و، تیمێكی شارەزاش ھاوكاری نوێنەری ھەرێم دەكات لە لەدانووستانەكاندا، چوونكە ئەو رێككەوتنە جگە لە عێراق، بۆ ھەرێمی كوردستانیش گرینگی زۆری ھەیە.
هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند : "بڕیارە لە ١٠ی ئەم مانگە و لەم ھەفتەیەدا دانووستان بۆ ئەنجامدانی رێككەوتنێكی نوێ لە نێوان ئەمریکا و عێراق ئەنجام بدرێت كە گرینگی زۆری ھەیە، چوونكە ئەمەریكا لە ھەوڵدایە بە جیددی بكەوێتە گفتوگۆ بۆ ئەوەی بگەنە رێككەوتن، چوونكە ھەر لەسەر رێككەوتنی پێشوو مامەڵە دەكەن، بەڵام لەو دۆخەی لە ساڵی ٢٠٠٨ هاتە ئاراوە و كشانەوە، هەروەها عێراقیش تووشی ئەو كێشانە كران و رێككەوتنەكەش وەكو خۆی جێبەجێ نەكرا، بۆیە ئەمریكا دەوێت رێككەوتنێكی نوێ بكات".
سیوەیلی گوتیشی: "ئەو دۆخەی ئەوكات رێككەوتنی تێدا ئەنجام درا، لەگەڵ دۆخی ئێستا زۆر جیاوازترە، چوونكە عێراق لاوازترە لە ڕووی ئابووری و تەندرووستی و ئەمنییەوە، بۆیە عێراق پێگەی بەھێزی نەماوە و رەنگە زۆر كاریگەرییان نەبێت لەسەر ئەمریكا، لەبەر ئەوە رێككەوتنی ئەم جارە جیاواز دەبێت و ئەمریكا ئەگەر بزانێت ناتوانێ نەیارەكانی لە عێراق دوور بخاتەوە، رەنگە رێككەوتنەكە ئیمزا نەكات و ھێزەكان لە عێراق بكشێنێتەوە، چوونكە ھێزەكانی خۆی لە ئاڵمانیا و ئەفغانستان كشاندووەتەوە، بۆیە ئەگەر ئەو كارە لە عێراقیش بكات، ئەوكات عێراق ناتوانێ لەسەر پێی خۆی بوەستێت".
بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی باسی لەوەش كرد: "ئەو رێككەوتنە نەك تەنھا بۆ عێراق، بەڵكوو بۆ ھەرێمی كوردستانیش گرنگیی ھەیە، چونكە پەیوەندیی ھەرێم و ئەمەریكا ستراتیژییە و ئەگەر عێراق و ئەمریكا نەگەنە رێككەوتن، ئەوكات ھەرێمیش زیان دەكات، چونكە ئێمەش پێویستمان بە ئەمەریكا ھەیە و لە شەڕی داعش ھاوكارییەكانی بەردەوام بوون و ئێستا جارێكی دیكە داعش سەری ھەڵداوەتەوە، ھەر بۆیە ھەرێم دەنگی بۆ دەركردنی ھێزی ئەمریكا لە عێراق نەدا، چونكە ئەمریكا بۆ ھەرێم گرنگە".
دەشڵێ: "ھەرێمی كوردستان بەشێكی گرینگ دەبێت لە رێككەوتنی ستراتیژیی نێوان ئەمریكا و عێراق و، فەوزی ھەریری سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی ھەرێمی كوردستان بەشداری لە شاندی دانووستانكاری عێراق دەكات، كە تیمێكی شارەزاش ھاوكاریی دەكەن، بۆ ئەوەی بتوانین جێگەمان لەو رێككەوتنەدا دیار بێت".