لە ڕەمەزاندا پێدانی کارەبا بە هاوڵاتیان بەم شێوەیە دەبێت
بەرەبەرە خواست لەسەر بەکارهێنانی کارەبا زۆر دەبێت، بەڕێوەبەری کارەبای سلێمانیش رایدەگەیەنێت، تا ناوەراستی مانگی رەمەزان کارەبا بەم شێوەیەی ئێستا بەردەوام دەبێت.
پێشبینی دەکرێت تا ناوەڕاستی مانگی رەمەزان پلەکانی گەرما بەم شێوەیەی ئێستا بمێنێتەوە، بۆیە پێدانی کارەبای نیشتیمانی بەم شێوەیەی ئێستا بەردەوام دەبێت، کە لە ئێستادا 18 بۆ 20 کاتژمێر کارەبا دەدرێتە هاوڵاتیان، کاتژمێرەکانی دیکەش لەلایەن مۆلیدە ئەهلییەکانەوە دابیندەکرێت، بەڵام لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمادا پێدانی کارەبای نیشتیمانی بە هاوڵاتیان کەمدەبێتەوە.
بەڕێوەبەری کارەبای سلێمانی لەم بارەیەوە رایگەیاند، لە ئێستادا بەرنامەی مۆلیدە ئەهلییەکان لەکاتژمێر 2ی پاش نیوەڕۆ تا کاتژمێر 1ی شەو دەدرێتە هاوڵاتیان و ماوەی یەک سەعات و نیویش لە بەیانیاندا دەدرێتە هاوڵاتیان، بەڵام بۆ مانگی رەمەزان لە کاتژمێر 02:30ی دوانیوەڕۆوە تا 04:00ی بەیانی مۆلیدە ئەهلییەکان ئەگەر کارەبای نیشتیمانی نەبوو دەبێت کارەبا بدەنە هاوڵاتیان.
دەشڵێت، لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتیمانی بە هاوڵاتیان کەمدەبێتەوە، چونکە خواست لەسەر بەکارهێنانی زیاد دەبێت لەلایەن هاوڵاتیانەوە.