"لیژنەی باڵای ماددەی ١٤٠ كارا دەكرێتەوە"
پەیامی کورد ... بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركووك گوتی، حكوومەتی هەرێم لیژنەیەكی هاوبەشی لەگەڵ پەرلەمانی كوردستان پێك هێناوە و، گفتووگۆ لەگەڵ بەغدا دەكەن بۆ ئەوەی لیژنەیەكی باڵا پێك بهێندرێتەوە بۆ قۆناغەكانی ماددەی ١٤٠ و بڕیارە دەست بە گەنگەشە بكەن.
ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی كەركووك – گەرمیانی پارتی، عەدنان كەركووكی، رایگەیاند، لیژنەیەكی هاوبەش لە نێوان حكوومەت و پەرلەمانی كوردستان دروست بووە، بۆ ئەوەی لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ بكەن بۆ كاراكردنەوەی لیژنەی باڵای ماددەی ١٤٠، چوونكە لیژنە باڵاكە نەماوە و پڕۆژەیەكیش ئامادە كراوە و داواش لە پەرلەمانی عێراق كراوە لیژنە درووست بكرێت.
كەركووكی گوتیشی، ئەو لیژنەیە لەگەڵ بەغدا كار دەكات بۆ ئەوەی قۆناغەكانی ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بكرێن بە پێی دەستووری عێراق، لیژنەكەش درووست كراوە و دەست بە گفتوگۆ دەكات بۆ ئەوەی لەگەڵ بەغدا لەسەر جێبەجێكردنی ئەو ماددەیە بگەنە رێككەوتن.