لێژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا ئەمڕۆ کۆ دەبێتەوە
پەیامی کورد … لێژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا ئەمڕۆ کۆ دەبێتەوە
لیژنەى باڵاى روبەڕوبونەوەى کۆرۆنا بۆ بڕیاردان لەسەر گرتنەبەرى رێکارى نوێ کۆدەبێتەوە، بەپێى زانیارییەکانیش قوتابخانە و زانکۆکان لەم قۆناغەدا داناخرێن.
بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە کاتژمێر٢:٣٠ خولەک، لە دیوانى وەزارەتى ناوخۆ، لیژنەى باڵاى روبەڕوبونەوەى کۆرۆنا بۆ بڕیاردان لەسەر گرتنەبەرى رێوشوێنى نوێ کۆببێتەوە.
بەپێى زانیارییەکان وەزارەتى تەندروستى پێشنیازى ئامادەکردووە بۆ گرتنەبەرى چەند رێوشوێنێک، بەڵام لەم قۆناغەدا راگەیاندنى قەدەغەى گشتى رونادات و قوتابخانە و زانکۆکان داناخرێن.
وەزارەتى تەندروستى پێشنیازى کردووە، بۆ گرتنەبەرى رێوشوینى هەنگا و بە هەنگاو، بەڵام داخستنى هەموو شوێنە گشتییەکان لەم قۆناغەدا رونادات.
هاوکات، داخستنى سنورەکان و سنوردارکردنى هاتنى گەشتیار و هاوڵاتیانى پارێزگاکانى دیکە، بەهێزترین پێشنیازى وەزارەتى تەندروستییە بۆ ئەم قۆناغەى ئێستا.
گرتنەبەرى رێکارى نوێ لەلایەن لیژنەى باڵاى روبەڕوبونەوەى کۆرۆنا لە کاتێکدایە، دوێنێ پێنج حاڵەتى کۆرۆناى نوێ لە هەرێمى کوردستان تۆمارکران و بەپێى لێدوانى بەرپرسانى تەندروستى هەرێمیش حاڵەتەکان زیاترن.