لیوا بەھرام: سوپای تورکیا ھێزی لە باشیک زیاد نەکردووە
سوپای تورکیا، ھیچ ھێز و تفاقێکی لە ناوچەی باشیک زیاد نەکردووە، وەک دەڵێن، بۆ ھێرشکردنە سەر ھێزەکانی پەکەکە لە چیای شنگال. فەرماندەیەکی سەربازی دەڵێت، ھەموو شتێک وەک پێشتر نۆرماڵ دەڕوات و گۆڕانکاری ڕووی نەداوە لە نێو ھێزەکانی تورکیا لە باشیک.
چەند میدیایەک سەر بە لایەنێکی دیاریکراو لە پێگەی فەرمیی حزبەکەیاندا بڵاویان کردووەتەوە، گوایە ماوەی دوو ڕۆژە سوپای تورکیا لە "باشیک" جموجووڵی تێکەوتووە و تانک و زرێپۆش لەو ناوچەیە زیاد دەکات. ھەر لە تەواوکەری ھەواڵەکەدا دەڵێت، چاودێرانی سیاسی پێیان وایە، جموجووڵی تورکیا لەو ناوچەیە ئامادەکارییە بۆ ھێرشکردنە سەر پەکەکە لە چیای شنگال.
پەیوەست بە پشتڕاستکردنەوەی پرسەکە و زانیاریی زیاتر، فەرماندەی پێشمەرگە لە چیای باشیک، لیوا بەھرام عەریف یاسین، ڕاگەیاند: "بە ھیچ شێوەیەک بابەتی وا لە باشیک نییە و تورکیا ھێزی خۆی زیاد نەکردووە."
ئەو ھێزانەی تورکیا، کە لێرەن، کاتی خۆی بە ڕێککەوتنی نێوان، ئەسیل نوجەیفی، پارێزگاری پێشووی مووسڵ بوو، لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی و دەوڵەتی تورکیا بۆ مەشقپێکردنی ھێزەکانی (حەشدی نیشتمانی) لە دەورووبەری مووسڵ بۆ شەڕی تیرۆریستانی داعش، کە تاکوو ئێستاش ئاگادارین، ئەو سەربازگەیە بۆ مەشقی (حەشدی نیشتمان)یە.
لیوا بەھرام، زیاتر گوتی: "گۆڕانکاری بەسەر ھیچ پلان و بەرنامەیەکی ئەو ھێزانەدا نەھاتووە، ھەمان ھێزەکانی جاران لە ھەمان شوێنی خۆیان جێگیرن و هەر ئەو ئەفسەرانەی لێیە، کە مەشق بەو ھێزانەی (حەشدی نیشتمان)ی دەکەن.