TR KU SO
FB X
Kurdistan

لەپارێزگای هەولێر هیچ ئاهەنگێکی فەرمی بەبۆنەی ساڵی نوێوە ئەنجام نادرێت

Navas Jan
Admin
📅 19 Aralık 2023 14:12


پەیامی کورد... لەپارێزگای هەولێر هیچ ئاهەنگێکی فەرمی بەبۆنەی ساڵی نوێوە ئەنجام نادرێت


پارێزگاری هەولێر ئاماژە بەوە دەکات، بەهۆی کارەساتی قەزای حەمدانییە و ئاگرکەوتنەوەی باڵەخانەکەی سۆران کە هاووڵاتیانێکی زۆر لە هەردوو کارەساتەکە گیانیان لەدەستدا، بۆ رێزگرتن لە گیانی ئەو قوربانیانە، پارێزگای هەولێر هیچ ئاهەنگێک بۆ جەژنەکانی کریسمس و سەری ساڵ بەرێوەنابات.

بەپێی راگەیاندراوێکی پارێزگای هەولێر، رۆژی دوو شەممە 18ی کانوونی یەکەمی 2023، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لەگەڵ قایمقامەکانی ناوەند و عەنکاوە و بەرێوەبەرایەتیەگشتیەکانی گەشتوگوزار و تەندروستی و هێزەکانی ناوخۆ و زێرەڤانی کۆبوەوە.

بەپێی راگەیاندراوەکە، پارێزگاری هەولێر لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە، بەهۆی کارەساتی قەزای حەمدانییە و ئاگر کەوتنەوە لە باڵەخانەیەکی سۆران کە تێیاندا ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیان گیانیان لەدەستدا و برینداربوون، بۆ رێزگرتن لە گیانی ئەو قوربانیانە و هەستی خانەوادەکانیان، پارێزگای هەولێر هیچ ئاهەنگ و بۆنەیەکی فەرمی تایبەت بە سەری ساڵی نوێ ئەنجام نادات، بەڵام هاووڵاتیان ئازادن لەوەی لە هۆتێل و شوێنە گەشتیارییەکان ئاهەنگ ساز بکەن.

ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوە کردووە، لەپێناو پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتیان و گەشتیاران، بۆ رێگەگرتن لە روودانی هەر رووداوێکی نەخوازراو و نا یاسایی، ئەرکیان بەسەر تەواوی هێزە ئەمنییەکان لە پۆلیس و ئاسایش و زێرەڤانی، پۆلیسی فریاکەوتن و چاڵاکییە مەدەنییەکان، هاتوچۆ و بەرگری شارستانی و تیمە تەندروستییەکان دابەشکردووە، دووپاتیشی کردووە کە پێویستە ئاسانکاری لە دەروازەکان پێشکەشی ئەو گەشتیارانە بکرێت کە بۆ شەوی سەری ساڵ دێنە هەولێر.

 

Paylas: