لە سەری یاری پۆبجی گەنجێ هاوڕێکەی خۆی کوشت
پەیامی کورد ... لە سەری یاری پۆبجی گەنجێ هاوڕێکەی خۆی کوشت
گەنجێك لە شاری هەولێر لەسەر یاری "پۆبجی" هاوڕێكەی خۆی دەكوژێت و دواتر لەلایەن هێزەكانی پۆلیسەوە دەستگیردەكرێت.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بڵاویكردوەتەوە، بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان/ نوسینگەی لێكۆڵینەوە لە تاوانەكانی كوشتن، دوای ئاگاداركردنەوەیان لە بونی حاڵەتێكی كوشتن لە گەڕەكی نەورۆز، دەستبەجێ گەیشتنە شوێنی رووداوەكە و كەسێكیان بە تۆمەتی كوشتنی هاووڵاتییەك بە ناوی (محەمەد ئیسماعیل فەرحان) دەستگیركرد.
رونیشكراوەتەوە، تۆمەتبارەكە دانی ناوە بە تاوانەكەیدا و لەگەڵ كەسی كوژراودا هاوڕێی یەكتری بون، لەسەر یاری و كارتی "پۆبجی" بوەتە كێشە و دەماقەڵەیان و دەرەنجام بە چەقۆ لە هاوڕێكەی داوە و كوشتویەتی.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر تەئكیدیكردوەتەوە، تۆمەتبارەكە بە بڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 405 لە یاسای سزادان راگیراوە و رادەستی دادگا كراوە.